Skip to the content

کەمپەینی حکومەتی هەرێم بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا بەردەوامە

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی وڵاتانی تورکیا و سووریا، کەمپینێکی ڕاگەیاندووە و تاوەکو ئێستاش بڕێکی زۆری هاوکاری مرۆیی گەیاندووەتە ئەو شوێنانەی کە تووشی بوومەلەرزە هاتوون.

کەمپینەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە سەرپەرشتیی دەكرێت و ڕۆژانە پێشوازیی لەو هاووڵاتییانە دەکەن کە کۆمەکەکانیان دەهێنن و ئەوانیش بە رێکارێکی ئاسایی تۆماری دەکەن و دەینێرنە ئەو شوێنانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە.

سروە ڕەسووڵ، بەرێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای هەولێر بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:''زۆر بە گەرمی پێشوازی لەم کەمپەینە کراوە، چ لەلایەن هاووڵاتییان و چ لەلایەن خێرخوازانەوە، لە هەمان کاتدا کۆمپانیاکانیش زۆر بە باشی بەشداری تێدا کردووە و رۆژانەش چەندین بارهەڵگر رەوانە دەکرێن.''

دوای بوومەلەرزەکە، ئەنجومەنی وەزیران بریاری دا چەند تیمێکی فریاگوزاری بنێرێتە ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی تورکیا و سووریا. حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئەرکی خۆی دەزانێت هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری پێشکەشی زیانلێکەوتووانی ڕووداو و کارەساتە سرووشتییەکانی وڵاتانی دراوسێ بکات.

بەرێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای هەولێر راشیگەیاند:''بڕێکی زۆر هاوکاری و کۆمەک کۆکراوەتەوە و رەوانە کراوە بۆ کەسانی لێقەوماو کە تێیایدا پێداویستی رۆژانە و کەلوپەلی زستانەی گەوران و منداڵانی تێدایە.''

راگەیاندنی کەمپینەکەش لەکاتێکدایە، ماوەی چەند ڕۆژێکە هاوکارییە مرۆییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیەندراوەتە ئەو ناوچانەی تورکیا و سووریا کە تووشی بوومەلەرزە هاتوون و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٢ی شوباتی ٢٠٢٣