کەمپەینی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا بەردەوامە
لەچوارچێوەی کارەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان بۆ کۆکردنەوە و گەیاندنی هاوکاری و کۆمەک بۆ زیانلێكەوتوانی بومەلەرزەكەی وڵاتانی توركیا و سوریا، حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمپەینێك بۆ كۆكردنەوەی كۆمەک و هاوکاری، بۆ زیانلێكەوتوانی ئەو رووداوە رادەگەیێنێت و کەمپەینەکەش لەلایەن پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە سەرپەرشتیی دەكرێت.
لە ئێستادا شوێن و هەژماری بانكیی كۆمەكییەكان لە تەواوی پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان را گەیەندراوە و هەر کەس و لایەنێک بتوانێت هاوکاری پێشکەش بکات دەتوانێت لە رێگەی ئەو کەمپەینەوە کە شوێنەکانیان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دیاری کراون پێشکەش بکات.
پارێزگای هەولێر
لە پارێزگای هەولێر شوێن و هەژماری بانکی تایبەت بەو بابەتە دیاری کراوە، کە هەژمارە بانکییەکە بریتییە لە (508) لە بانکی منارە و شوێنی تایبەتیش بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری لە بەردەم پارکی شانەدەر دیاری کراوە.
پارێزگای سلێمانی
لە پارێزگای سلێمانیش شوێن و هەژماری بانکی تایبەت دیاری کراوە، کە هەژماری بانکییەکە بریتییە لە (8095) بە دینار و (1886) بە دۆلار. هەروەها لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەکەش شوێنی تایبەتیش بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری دیاری کراوە.
پارێزگای دهۆک
لە پارێزگای دهۆکیش مزگەوتی (جودی، قازی محەممەد، حاجی ئیبراهیم ماسیکی، شەهید مەلا ئەمین) و باڵەخانەی (قوتابخانەی چرا) بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکان دیاری کراون.
پارێزگای هەڵەبجە
لە پارێزگای هەڵەبجەش شوێنی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکان دەکەوێتە بەرامبەر شارەوانیی هەڵەبجە و لە ناحیەی خوڕماڵیش، باڵەخانەی کتێبخانەی گشتی خورماڵ بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکان دیاری کراوە.
ئیدارەی زاخۆ
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوەبەرایەتیی لاوان و لە قەزای باتیفا، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ، بۆ کۆکردنەوەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانە دیاری کراون. هەروەها ژمارە تەلەفۆنەکانی( 07504226850 - 07505303133 – 07504590885)، بۆ کۆکردنەوەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانە دیاری کراون.
ئیدارەی ڕاپەڕین
لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش سەرۆکایەتیی زانکۆی راپەرین لە شاری رانیە و ناوەراستی شار لە فلکەی هاتووچۆ لە قەڵادزێ بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکان دیاری کراون.
ئیدارەی گەرمیان
لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش ماڵی حاجی ئاهوی خێرخوازی لە کەلار و جووتسایدی ماڵی گەنجان لە ناحیەی ڕزگاری و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری کۆمەڵایەتی لە قەزای کفری بۆ کۆکردنەوەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانە دیاری کراون.
ئیدارەی سۆران
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش هەژماری بانکی(4677) لە بانکی دیلمان و مزگەوتی سەروەران و فلكەی ناوبازاڕ بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکان دیاری کراون. لە هەمان کاتدا چەند ژمارە تەلەفۆنێک دیاری کراون کە هەر یەکەیان لە ناوچەیەکە، لەوانەش (07509165636 ) لە سۆران، (07507579565) لە رەواندز ، (07502464245) لە چۆمان، و (07504565592) لە سیدەکان.
كەمپینی کۆکردنەوەی كۆمەك و هاوکاری بۆ زیانلێكەوتوانی بوومەلەرزەكەی وڵاتانی توركیا و سوریا، درێژكراوەی دەستی هاوكاری هەرێمی كوردستانە، كە دوای رووداوەكە و لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان، سێ تیمی لە هەرێمی كوردستانەوە راسپێردران بۆ هاوکاری کردن و رەوانەی تورکیا کران.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٠ـی شوباتی ٢٠٢٣