Skip to the content

یەکەم منداڵ بۆ چارەسەرى شێرپەنجە گەیێنرایە ئیسپانیا

دوای ساڵێک کارکردن لەسەر پڕۆژەی چارەسەرکردنی منداڵانی توشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، ٥ى شووباتی ٢٠٢٣، یەکەم منداڵ کە تەمەنی ٢ ساڵە، گەیێندرایە شاری بەرشەلۆنەی وڵاتی ئیسپانیا.
ئەم پڕۆژە، کە بە هاوکاری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتییەکانى و ڕێکخراوی منداڵپارێز و حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا و وەزارەتی تەندروستی وڵاتی ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت.
ئەم پڕۆژەیە تایبەتە بەو منداڵانەی توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون و چارەسەرکردنیان لە کوردستان ئاسان نییە.
ئایدن ئۆستان (کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا و پۆرتوگال) بە پێگەى فەرمیی حکومەتى هەرێمى کوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەک نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێم لە وڵاتى ئیسپانیا زیاتر لە ساڵێکە کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکەین، بۆ ئەو منداڵانەى کە تووشى نەخۆشى شێرپەنجە بوون و لە کوردستان چارەسەریان ئەستەمە، بۆیە هەوڵ دەدەین بیانهێنین بۆ ئێرە. یەکەم منداڵیش خەڵکى شارى کەرکوکە و گەیشتووەتە شارى بەرشەلۆنا لە ئیسپانیا."
تێچوی نەشتەرگەری و پڕۆسە پزیشکییەکانی منداڵە نەخۆشەکان، لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا و ئیسپانیایە و هاتووچۆ و مانەوەشی لە ئەستۆی ڕێکخراوی ڕۆناڵد ماکدۆناڵزە تا ئەو کاتەی چارەسەری تەواوەتی بۆ دەدۆزرێتەوە.
ئایدن ئۆستان باسى لەوەش کرد کە "پڕۆژەکە تایبەتە بە هەموو منداڵانى کوردستان بە بێ جیاوازى، یەکەم نمونە ئەم منداڵە گەیشتووەتە هەرێمى کەتەلۆنیا و هیوادارین بتوانین چارەسەرى تەواوى بۆ بدۆزرێتەوە و بە تەندرووستى باش بگەڕێتەوە هەرێمى کوردستان و بەردەوامیش بین لە پڕۆژەکە بۆ خزمەتکردنی منداڵانى تر."
حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى نوێنەرایەتییەکانییەوە چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەى وڵات، بەردەوام لە خزمەت هاووڵاتیانى کوردستان و ڕەوەندى کوردی بوو و ئەم هەنگاوەش یەکێکە دیکەیە لە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان کە لە کابینەى نۆیەم هەنگاوى بۆ هەڵێنراوەتەوە.


فەرمانگەى میدیا و زانیاری