بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژی، کوردستان بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتی ئێران دەبەسترێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- دروستکردن و بوونیادنانی ڕێگاوبان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە کارە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەپێناو ئاسانکارییکردن بۆ هاتووچۆکردنی هاووڵاتییان و شۆفێران.
پڕۆژەی ڕێگای کەلار - دەربەندیخان، لە دوو قۆناخ پێکدێت و درێژییەکەی ٦٥ کیلۆمەترە، بەتەواوبوونیی هەردوو قۆناخەکەش، ڕێگای کاتژمێرێک و ٢٥ خولەکی نێوان ئەو دوو شارە، دەبێتە ٤٠ خولەک.
عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان، لەبارەی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: “قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە، بە گوژمەی ٤٦ ملیار دینار، بەدرێژایی ٢٤ کیلۆمەتر و پانیی ١٧ مەتر، تەواوکراوە و خراوەتە خزمەت هاووڵاتییان و شۆفێران”.
لەبارەی قۆناخی دووەمی پڕۆژەکەوە، بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان، گوتی: “جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پرۆژەکە بەردەوامە و ٥٨٪ـی کارەکانی تەواوبووە، ئەم قۆناخە ٤١ کیلۆمەتر درێژە و گوژمەکەی ١٣٧ ملیار دینارە، ٣٥ پردیشی تێدایە کە درێژیان بە چوون و هاتن، دەگاتە ٥ کیلۆمەتر”.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، هەرێمی کوردستان بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتی ئێران، دەبەستێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣