٩٥٪ـی کارەکانی قۆناخی یەکەمی پرۆژەی دووسایدی دووکان - چوارقوڕنە تەواوکراوە
![](/media/17661/ranya00_00_09_22still001.png?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133172970590000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- دروستکردن و بوونیادنانی ڕێگاوبان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە کارە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو ئاسانکارییکردن بۆ هاتووچۆکردنی هاووڵاتییان و شۆفێران.
پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای دووسایدی دووکان - چوارقووڕنەیە، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکومەت کە درێژییەکەی ٥٣ کیلۆمەترە و بە سێ قۆناخ، جێبەجێدەکرێت.
محەممەد ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: “قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە، دەکەوێتە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین، ٩٥٪ـی کارەکانی تەواوبووە، درێژییەکەی ١٨ کیلۆمەتر و نیوە، دوو سایدی چوون و هاتنە و پانیی هەر سایدێکیش ٨ مەتر و نیوە”.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، ئەوەشی گوت: “بەتەواوبوونی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە، ڕێگای کاتژمێرێک و ٤٠ خولەکی نێوان چوارقووڕنە - هەولێر بووەتە کاتژمێرێک و ١٥ خولەک”.
تێچووی دروستکردنی قۆناخی یەکەمی ڕێگاکە ٥٢ ملیار دینارە و بە سێ چین قیر ڕووپۆشکراوە، چوار پردی تێدایە کە درێژییان دەگاتە ٣٤٠ مەتر، ئەوەی لەو قۆناخەدا ماوە تەواوبکرێت، تەنها کاری هێڵکاریی و جێگیرکردنی هێماکانی هاتووچۆیە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣