گەورەترین پرۆژەی بەرهەمی ماسی لە کوردستان و عێراق دەکەوێتە پارێزگای دهۆک
بایەخدان و بەرەوپێشبردنی زیاتر بە بەرهەمهێنان، یەكێكە لە پلانە ستراتیژییەکانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پارێزگای دهۆک دروستدەکرێت و ٦٥٪ـی كارەكانی تەواو بووە.
ئامانج لە دروستکردنی ئەم پرۆژەیە، پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆ و پەرەپێدانیەتی بۆ ئاستێك بتوانرێت هەناردەی دەرەوە بكرێت، کە لە قۆناغی یەكەمیدا دەتوانێت لە ساڵێکدا ٢١ ملیۆن پەنجە ماسی و هەزار و ٢٠٠ تۆن گۆشتی ماسی بەرهەم بهێنێت.
شوکری عومەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرهەمی ماسی، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و تەواوکاری بەرهەمی کشتوکاڵییە لە هەرێمی کوردستان، سەرمایەکەی ١٠ ملیۆن دۆلارە، لەئێستادا ٥٠٠ دەرفەتی کاری بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە".
بەڕێوەبەری پڕۆژەكە، ئەوەش گوت: هیچ جۆرە پرۆژەیەکی بەرهەمی ماسی لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەو شێوەیە و بەو جۆرە سیستەمە، دروست نەکراوە، هەروەها تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووشی تێدا بەکار هێندراوە".
ڕووبەرەی پڕۆژەکە ٢٢٩ دۆنمە و پێکدێت لە هەڵهێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەزی ماسی، پلانیش هەیە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئالیک دابنرێت و دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، لە ئاییندەدا بەرهەمی ئەم پرۆژەیە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو بکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣