ئەنجومەنی شارەوانیی قەزاكانی پارێزگای سلێمانی كارا دەكرێتەوە
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- هەوڵەكان بۆ پێكهێنانەوە و كاراكردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانیی قەزاكان لە پارێزگای سلێمانی دەستیيان پێكردووە.
بە مەبەستی ئامادەكارییەكانی كاراكردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانیی قەزاكان، ڕۆژی یەكشەممە، ڕێكەوتی ١٥ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣، لیژنه‌ی شاره‌وانی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌گه‌ڵ پارێزگار و شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی كۆبووەوە.
كۆبوونەوەكە بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنێك بوو بۆ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیی قه‌زاكان و ناردنی بابەتی پەیوەندیدار بۆ هەمواركردنەوەی یاسا و ڕێنماییه‌كان بۆ وەزارەتی ناوخۆ.
مینا سامی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، بە فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند:"ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی كردمان، بۆ ئه‌وه بووه ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیی قه‌زاكان پێكبهێنینه‌وه، كە له یاسای هەمواركراوی پارساڵی شاره‌وانییه‌كان بڕیار درا پێكبهێنرێت. چونكه نزیکەی ١١ ساڵ بوو بە هۆكاری ته‌مه‌ن و كۆچی دوایی بەشێك لە ئەندامان، ئه‌و ئه‌نجومه‌نە كارا نه‌بوو.''
مینا سامی، گوتیشی:''کارا نەبوونی ئەو ئەنجومەنە بووبووە هۆی ئەوەی سه‌رۆكی ئەنجومەنی شاره‌وانییه‌كان به ته‌نیا بڕیار بدات، ئەوەش نەدەكرا بەردەوام بێت. چونكه به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی هه‌بوو، هه‌ندێك كار ده‌بێت له ڕێگه‌ی لیژنه‌كانه‌وه بكرێن و بڕیارييان له‌سه‌ر بدرێت؛ بۆیه ئێمه به پێویستمان زانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه كارا بكه‌ینه‌وه و پێكهێنانی لیژنه‌كه‌شمان به ده‌نگدانێكی گشتی په‌سه‌ند كرد و بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆمان نارد."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت: "نه‌بوونی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیی قه‌زاكان چه‌ند كێشه‌یه‌كی دروست كردبوو، یه‌كیان ئه‌وه‌بوو هه‌ر واژۆیه‌ك بكرایه، به نایاسایی هه‌ژمار ده‌كرا، چونكه به‌پێی یاسا ده‌بێت له ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كانه‌وه ڕێنمایی و بڕیاره‌كان دەركرابان. كێشه‌یه‌كی دیكه‌شی ئه‌وه بوو ماوه یاساییهكەی كە ٤ ساڵ بوو، گه‌یشتبووه ١١ ساڵ. هه‌روه‌ها دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یاساكه نێردرایه په‌رله‌مانی كوردستان و به‌پێی یاساكه ده‌بووایه هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانیی قه‌زاكان بكرێت و ئه‌ندامه‌كانیان هه‌ڵبژێردرێن و دواتر په‌سه‌ند بكرێن. بۆیه ناوه‌كانی ئەو ئەنجومەنە تازەیە نێردرانه‌وه و دواتر له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه ده‌نگدانی له‌سه‌ر كرا و په‌سه‌ند كران."
پێگه‌ی فه‌رمیی حكومه‌ت
١٧ـی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٣