ئەو كارمەندە حكومییانەی مووچەیان لە ملیۆنێك دینار كەمترە دەتوانن لۆگۆی تاكسی وەرگرن
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- بەپێی فەرمانێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان، كە لە ڕێكەوتی ٢٥ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣ دەرچووە، لۆگۆی تاكسی بەو شوفێرانە دەدرێت كە دانیشتووی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن و ئەو فەرمانبەر و كارمەندانەی كەرتی گشتییش كە مووچەیان لە ملیۆنێك دینار كەمترە، دەتوانن كاری تاكسی بكەن.
لە نووسراوە فەرمییەكەی وەزارەتدا و لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە "لۆگۆی تاكسی بەو شوفێرانەی دانیشتووی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن و لە هێڵی گواستنەوەی نێوان ئەو ناوچانە و شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان كاردەكەن، دەدرێت. بە مەرجێك بەر لە دەرچوونی ئەم فەرمانە خاوەن هێڵی گواستنەوە بووبن. هەروەها لۆگۆی تاكسی بەو هاووڵاتییانە دەدرێت كە دانیشتووی شارەكانی هەرێمی كوردستانن بە پشتگیریی موختار و ئاسایشی گەڕەك، ئەگەر بەڵگەنامە فەرمییەكانیان سەر بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بێت".
لە بڕگەیەكی دیكەی بڕیارەكەدا ئاماژە بە ڕاگرتنی كاركردن بە ڕێنماییەكی پێشووتری وەزارەتی ناوخۆ دراوە و هەمواركردنەكەشی بەم شێوەیە خستووەتەڕوو "هەر مووچەخۆرێكی كەرتی گشتی كە كۆی گشتیی مووچەكەی لە یەك ملیۆن دینار كەمتر بێت، ڕێگای پێ دەدرێت لۆگۆی تاكسی وەربگرێت و كار بكات. بەڵام دەبێت ساڵانە بۆ نوێكردنەوەی لۆگۆی تاكسییەكەی پشتگیریی فەرمانگەكەی بۆ پیشاندنی كۆی گشتیی مووچەكەی پێشكەش بكات".
هاوكات لە بڕیارەكەدا هاتووە كە تا ڕێكەوتی ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٣، مۆڵەت دەدرێتە ئەو شۆفێری تاكسییانەی كە بەو هۆكارانەی لەو فەرمانەدا هاتووە یان هەر هۆكارێكی دیكە، ڕێكارەكانی لۆگۆی تاكسییان تەواو نەكردووە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی تایبەتمەند بۆ تەواوكردنی ڕێكارەكان بكەن، دەنا لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە دەست بە سەر هەر تاكسییەكی بێ لۆگۆدا كە كار دەكات دەگیرێت ".
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٥ی كانوونى دووهمى ٢٠٢٣