Skip to the content

شوێنێکی نوێ بۆ پیشەوەرانی ناوچەی پیشەسازیی دهۆک دروستدەکرێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- یەکێکی دیکە لە پڕۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگای دهۆک جێبەجێکراوە، پرۆژەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلە کە دەبێتە پڕۆژەیەکی هاوچەرخ و پێشکەوتووی دەڤەرەکە و دەکەوێتە دەروازەی ڕۆژئاوای شاری دهۆک.

ئەو پرۆژەیە پێکهاتووە لە ٥ ناوچە و ڕووبەرەکەی ٣٠٠ دۆنم زەوییە، گوژمەی جێبەجێکردنیشی زیاتر لە ٦٢ ملیۆن دۆلارە بووە.

لەبارەی خزمەتگوزارییە بەردەستوکانی ئەم ناوچە پیشەسازییە، دلۆڤان بەرەکات، خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکار بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:''هەموو ئەو شتانەی کە پێویستن لە پرۆژەکەدا دابینکراون، بۆ ئەو کەسانەی کە لە پرۆژەکەدا کار دەکەن یان ئەوانەی کە سەردانی ناوچەکە دەکەن.''

لەکۆی پێنج ناوچەی پڕۆژەکە، سێ ناوچەیان تەواو بووە و دوو هەزار و ٣٧٨ دووکان بە ڕووبەری جیاواز لەخۆدەگرێت، کارکردن لە دوو ناوچەی دیکەش بەردەوامە.

خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکار، ئەوەشی گوت:''لە شوێنی پیشەسازیی کۆن، باخچەیەکی گشتی دروستدەکرێت، ئەمەش بۆ زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی لە ناوچەکە و ئەمەش جوانییەکی زۆر بە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی دهۆک دەکات.''

ئەم پڕۆژە نوێیە، دەبێتە جێگرەوەی ناوچەی یشەسازیی ئێستا، کە کەوتووەتە دەروازەی ڕۆژهەڵاتیی دهۆک و سیمایەکی ناشارستانی بە شارەکە بەخشیوە، شوێنەکەشی دەکرێتە باخچە بۆ زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی لە دەڤەرەکە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣