Skip to the content

لە کابینەى نۆیەم چەند خزمەتگوزارييەکى سەرەکى بە ئەلیکتڕۆنى کراون

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- یەکێک لەو پرسانەى کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەى نۆیەم، بە باشی کاری تێدا کردووە، پرسى بەدیجیتاڵکردن و بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانە و بە پێى ئەو بەرنامە ستراتیژییەى کە حکومەت دایناوە، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، لە کوردستان هەموو کارە خزمەتگوزارییەکانی بەشێوەیەکی دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەبرێن و هیچ کاغەزی تێدا بە کارناهێنرێت. هەر لەم بوارەشدا مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"ئێمە لەمەودا لەپێشین و دەتوانین ئەم ئەزموونە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکومەتی فیدراڵی باس بکەین کە چۆن ئەوانیش بتوانن ئەوە بکەن."
دیدگای سەرۆکى حکومەت بۆ پرسى بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوە و خزمەتگوزارییەکانی حکومەتش کراوەتە بەرنامەیەکى ستراتیژى و پلانێکى درێژمەودا و خێرا و ئێستا کارى پێ دەکرێت و لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین خزمەتگوزاری بەئەلیکترۆنیکراون.

پێوەری زیرەکی کارەبا
ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە، ڕۆڵێکى بەرچاوی لە ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی کارەبا و ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان لە چۆنیەتی بەکارهێنانی کارەبا و ڕێگرتن لە زێدەڕۆییەکانی سەر تۆڕی گشتی کارەبا هەیە.
ئەم سیستەمە ئێستا لە چەندین گوندى نوێ و لە بازاڕی لەنگە هەولێر لە دهۆکیش جێبەجێ کراوە و سەرکەوتووش بووە لە ڕێکخیستنەوە و دەستگرتن و زیادکردنى کارەبا.

پسوولەی کارەبا
بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی پسوولەی کارەبا هاوشانى پێوەرى زیرەک دەستى پێکردووە و بە هۆیەوە هاووڵاتییان لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە دەتوانن ئاگاداری کارەبای بەکارهێندراو و خەرجییەکانی کارەبا بن و بەمەش دەتوانن باشتر کۆنتڕۆڵى کارەبا بکەن.

بەئەلیکترۆنیکردنى دادنووسییەکان
بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی دادنووسی، یەکێکە لە گەورەترین سیستەمە بەئەلیکترۆنیکراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە لە ڕێگەیەوە نزیکەى ٦٥ فەرمانگەى دادنووسى بەئەلیکترۆنی و پێکەوە دەبەسترێنەوە و دواتریش هەموویان بەستراون بە داتاسەنتەرى سەرەکى حکومەتى هەرێمەوە. ئەم سیستەمە بەکاردێت بۆ ڕێکخستنی کاری دادنووسی و بەستنەوەی سەرجەم لقەکانی دادنووسی بە وەزارەتی داد و ئەنجومەنى وەزیران و ئاسانکردن و ڕاییکردنى کارى ئەو هاووڵاتییانەى کە مامەڵەى دادنووسییان هەیە.

سیستەمی ئی ـ پەروەردە
لە ڕێگەی ئەو سیستەمەوە سەرجەم کارەکانی وەزارەتی پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ئەلیکترۆنی کراون. ئێستا قوتابیان و کەسوکاریان و مامۆستایان و فەرمانبەران دەتوانن لە چەند کاتژمێرێكدا کارە کارگێرییەکانیان ڕایی بکەن و وەزارەتەکەش ڕاستەوخۆ و بە ئاسانی و خێرایی هەموو داتایەکى دەست دەکەوێت کە ئەمەش کاریگەرى باشترى دەبێت لەسەر ڕێکخستنەوەى میلاکانیش کە کێشەیەکى سەرەکییە لە وەزارەتەکە.

سیستەمی هاتن و چوون
ڕێکخستنی هاتن و چوون لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە هەنگاوە نوێیەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گرنگترین سوودەکانی ئەو سیستەمەش بریتییە لە دروستکردنی پۆڕتاڵی ئی - ڤیزا و کۆکەرەوەی داتاکانی تایبەت بە هاتن و چوون لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و بەمەش هەم ئاستى هاوردەکردن و هەناردەکردن و هاتووچۆ و گەشتیارى دەزانرێت و لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت پلانەکان باشتر بکرێن.

مامەڵەى هاووڵاتیان لە خوێندنى باڵا
سیستەمی ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کە بەئەلیکترۆنى کراوە، لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە دەتوانرێت فەرمانبەر و ئەو کەسەى کە کارەکەى لە وەزارەتەکەیە، هەر لە ڕێگەى ئەپێکى نێو مۆبایلەکەیەوە ئاگاداری ئەو مامەڵانە بێت کە پێشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵای کردوون و دەگەنە کوێ و کەى تەواو دەبن.

پۆرتاڵی خزمەت
لەم پۆرتاڵەدا زانیاریی تەواو لەبارەی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان لەبەر دەستە لەگەڵ ئەو پێداویستانەی کە هاووڵاتییان لە کاتی ئەنجامدانی مامەڵە پێویستیانە. هاووڵاتی بەر لە ئەنجامدانی هەر مامەڵەیەک دەتوانێت بە سەیرکردنی پۆرتاڵی خزمەت بزانێت کە چ جۆرە دۆکیۆمینتێکی پێویستە بۆ مامەڵەکانی.

مۆڵەتى شۆفێرى
سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شۆفێری و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل لەئەلیکترۆنى کراوە، ئەم سیستەمە دیجیتاڵییە بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێرییە بە شێوەیەکی مۆدێرن و کاتێکی کەم. لە هەمانکاتدا کارەکانی نوێکردنەوەی ساڵیانە و تۆماری ئۆتۆمبێل خێراتر دەکات لە سەرانسەری کوردستان.

بەئەلیکترۆنیکردنی تۆمار و وەرگرتنەوەى پکشنینى پێکوتە و داشبۆردى کۆرۆنا
بە هاتنى پەتاى کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەى لە هەرێمى کوردستان، حکومەت هەوڵیدا لە ڕێگەی سیستەمێکەوە هاووڵاتییان ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی پێکوتەی کۆرۆنا تۆمار بکەن و ئاگادار بکرێنەوە و تا ئێستاش ئەم سیستەمە بەردەوامە و زۆرترین کەس تێیدا بەشدار بووە. هەر لەم چوارچێوەبەشدا سیستەمی وەرگرتنەوەی ئەنجامی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کراوەتە ئەلیکترۆنی تا هاووڵاتییان بتوانن لە ماڵەوە یان لە مۆبایلەکانیانەوە ئەنجامەکانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرنەوە. هەروەها داشبۆردی ڤایرۆسی کۆرۆنا دامەزرێنراوە و سەرجەم وردەکاری داتاکانی پەتای کۆرۆنا بەپێی شوێن و ڕەگەزى تێدا خراوەتەڕوو و هاووڵاتییان و ڕۆژنامەوانان دەتوانن کەڵکی لێوەربگرن.

بەئەلیکترۆنیکردنى مامەڵەی خانەنشینی
سیستەمی مامەڵەی خانەنشینان بە ئەلیکترۆنیکردنی کراوە و لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان بەیەکەوە دەبەسترێنەوە و ئاستی هەڵەکان و ڕۆتین کەمدەکرێتەوە و هۆکارێکیشە بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینان.

بەئەلیکترۆنیکردنى گرێبەستە گشتییەکان
گرێبەستە گشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سیستەمەکەی بە ئەلیکترۆنی کراوە، بە هۆیەوە پڕۆسەی تەندەرینگ لە کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوی لە شەفافی و کەمکردنەوەی ڕۆتین و کۆمپانیا و بازرگانن ڕاستەوخۆ ئاگادارى تەندەرەکان دەبن و بەشداربوون لە تەندەرەکان ئاسان دەبێتەوە.

بەئەلیکترۆنیکردنى مووچە
سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی خشتەی مووچە، سیستەمێکی دیکەیە بۆ بەڕێوەبردنی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کارەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچە و کارە کارگێرییەکانی پەیوەست بە مووچە بە ئەلیکترۆنیکراوە.

بەئەلیکترۆنیکردنى بەڕێوەبردنى دارایی
سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەم سیستەمە بۆ بەڕێوەبردنی خەرجییەکانی گشت دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە ڕێڕەوەی خەرجییەکان بە دیجیتاڵی کراوە لە سێ بەشی: داواکاریی خەرجی، تۆماری خەرجی و بنکەی زانیاریی گرێبەستەکانی حکومەت پێکهاتووە.

سیستەمی نوێکردنەوەی زانیاری
ئەم سیستەمە بە کاردێت لە نێوان گشت دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ ناردن و بڵاوکردنەوە هەواڵ و لەم ڕێگەیەشەوە کار دەکرێت لە شەفافیەت و خێرایی لە گەیاندنى زانیارى.

بەئەلیکترۆنیکردنى بەڕێوەبردنى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى
سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیاری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، ئەم سیستەمەش لە وەزارەتی پەیوەندیدار بۆ بەڕێوەبردنی بابەتی پێدانی شایستە داراییەکان بە کاردێت، بەمەش هەم داتاى واقعى لەبەر دەست دەبێت و هەمیش ماف و دادپەروەریی ئەم توێژانە وەک خۆى دەبێت بۆیان و نافەوتێت.

دۆمەینى .KRD
دۆمەینی ئاستبەرزی .KRD، تاکە دۆمەینی کوردییە کە نوینەرایەتی کورد لە جیهانی تەکنەلۆژیا دەکات و سوودێکی زۆری لە چەسپاندنی زمان و کولتووری کوردی لە جیهانی ئەلیکترۆنیدا هەیە.

پێگەی فەرمی حکومەت
پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە ڕێگەی ئەم پێگەیەوە ماڵپەرەکانی سەرجەم وەزارەتەکان بەیەکەوە بەستراونەتەوە و هاووڵاتییان لەو پۆڕتاڵەوە دەتوانن دەستیان بە زانیاریی و داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگات.

داتا سەنتەری ناوەندی حکومەت
داتا سەنتەری ناوەندی حکومەت، کۆگای زانیارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و سەرجەم ئەو داتایانەی کە بە دیجیتاڵی دەکرێن لەو داتا سەنتەرە گل دەدرێنەوە، ئەم داتا سەنتەرە بەشێوەیەکی بەردەوام پارێزراوە و ناوەندێکە بۆ کۆکردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی حکومەت کە نزیکەی ٤٠٠ خزمەتگوزاری جۆراورجۆر لە خۆ دەگرێت و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی حکومەتیش لە ڕێگەی ئەم داتا سەنتەرەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و خێرا بە یەکەوە دەبەسترێنەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢