وتەبێژى حکومەت: بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى کاریگەرى لەسەر پێدانى مووچەى مووچەخۆران نابێت
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- دوێنێ چوارشەممە، دادگەی فیدڕاڵی عێراق، بڕیارى ناردنى شایستە داراییەکانى خەڵکى هەرێمى کوردستانی هەڵوەشاندەوە، کە پێشتر لە لایەن حکومەتى فیدراڵییەوە بڕیاری ناردنی درابوو.
لە دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتى هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڕیارەكەی بە نادەستوورى و نایاسایی هەژمار کرد و لەگەڵ ڕەتکردنەوەى بڕیارەکە، ڕەخنەى جددی لەو دادگایە گرت کە "دادگایەکی نادەستوورییە و ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدراڵی بڕیار بدات و ئەم بڕیارەشى نەک تەنیا دژی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دژی حکومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتیشە".
دکتۆر جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لەوە کرد:"ئەم بڕیارە نایاساییە لە کاتێکدایە کە هەردوو حكومەتى فیدراڵ و هەرێم، لە كەشێكی ئەرێنیدا كۆمەڵێك لێكتێگەیشتنیان بۆ درووست ببوو بۆ چارەسەرى چەندین پرسى هەڵپەسێردراوى نێوانیان"، کەچى بڕیارێکى نادەستوورى لە داگایەکى نادەستوورییەوە کاریگەرى لەسەر ئەم پرس و لێکتێگەیشتنانە دەبێت.
وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لەوە کرد، ئەوان سەرەڕای وەڵامدانەوەى ئەو بڕیارە"وەک چۆن لە ڕێککەوتنەکانیشماندا هاتووە، داوامان كردووە یاسایەكی نوێ بۆ ئەم دادگەیە دابڕێژرێت، چونكە بەبێ یاسا كاری خۆی دەكات" و ئەوەشى نەشاردەوە ئەوان وەك حكومەتی هەرێم بەردەوام دەبن لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق و دەشبێت هەردوولایان پابەند بن لە ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانیان.
لەسەر کاریگەریى ئەم بڕیارەى دادگاى فیدراڵى بەرامبەر بە بودجە و مووچەى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان، دکتۆر جوتیارعادل، دڵنیایی دایە خەڵکى کوردستان ،کە ئەوان لەگەڵ ئەوەى زیاتر لە ١٤ مانگ تەنیا دوو جار ٢٠٠ ملیار دینارەكەی فیدراڵى بە دەست گەیشتووە، کەچى بەردەوام مووچەیان دابەش كردووە، هەروەها دڵنیایی دا کە "ئێستاش حکومەت هەموو توانای خۆى دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەى لە ڕووی داراییەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بکات".
بۆ بينينى تهواوى لێدوانهكه، كليك لهم بهستهرهى خوارهوه بكه:
حکومەت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق ڕەتدەکاتەوە - YouTube
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣