Skip to the content

پێشبینی ٤٨ کاتژمێری داهاتووی کەشوهەوا لە هەرێمی كوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- چەند رۆژێكە كەشێكی سەرما و گۆڕانی كەشو هەوا، هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و وەزراەتی گواستنەوە و گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات کە باران بارین لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەى نمە باران بەردەوامى دەبێت.
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانوی راگەیاند:''بە درێژاى ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان هەور دەبێت، لەگەڵ درووست بوونى تەم لە هەندێک ناوچە، هەروەها باران بارین لە ناوچە جیاجیاکان بەشێوەى نمە باران بەردەوامى دەبێت.''
لەبارەی سنوورى پارێزگاى هەولێر، سلێمانى و هەڵەبجە، ئاستى دابارینى زیاترە لەگەڵ بەفر بارین لەسەر لووتکەى زۆربەى ناوچە شاخاوییەکان، دیلان رەشاد ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامى هاتنى بارستە هەوایەکى سارد، شەپۆڵێکى بەفر بارین زۆربەى ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە و تا درەنگانی شەو بەفر بارینى پچڕ پچڕ دەبێت، و خێرایى با، لە سەر خۆ و مامناوەندە، كە ١٠ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر دەبێت لە كاتژمێرێكدا و ئاراستەی با، بەرەو باکوور دەبێت و پلەکانی گەرما، نزم دەبێتەوە بۆ ١ بۆ ٢ پلەى سیلیزى، ئاست و مەوداى بینینیش لە نێوان ٦ بۆ ٨ کیلۆمەتر دەبێت و لە کاتى دروست بوونى تەم مەودای بینین بۆ کەمتر لە ٢ کیلۆمەتر ، كەمتر دەبێتەوە.
لەبارەی پێشبینییەكانی كەشوهەوا بۆ رۆژی دوو شەممە، ٩ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣، دیلان رەشاد، گوتی: ئاسمان هەورى دەبێت و هەندێك کات بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت، سنوورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک ئەگەرى نمە بارانى دەبێت، لەگەڵ بەفر بارین لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە ئاستى دابارین زیاترە و لە ئێوارەى هەمان رۆژ کاریگەرى ئەم شەپۆلە کۆتاى دێت، گوتیشی:''ئەگەرى دروستبوونى تەم لە سەر بەشێک لە ناوچەکان هەیە و مەوداى بینین لە نێوان ٧ بۆ٩ کیلۆمەتر دەبێت، و پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە بە بەراوورد بە ئەمڕۆ، و خێراى با لە سەر خۆ و مامناوەند دەبێت بە ١٠ بۆ١٥ کیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دەبێت، هەروەها ئاراستەی با، بەرە و باکووری خۆرئاوا دەبێت .
وتەبێژی وەزراەتی گواستنەوە و گەیاندن، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ٤٨ کاتژمێرى داهاتوو بەم شێوەیە خستەڕوو:
هەولێر: ١١ پلە.
سلێمانی: ٨ پلە.
دهۆک: ١١ پلە.
کەرکوک: ١١ پلە.
هەڵەبجە: ٩ پلە.
زاخۆ: ١١ پلە.
سۆران: ٨ پلە.
گەرمیان: ١٥ پلە.
هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن، بڕی باران بارین لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە بووە:
هەولێر: ٩،٦ملم
سلێمانی: ١٤،٩ ملم
دهۆك: ٢١ملم
كەركووك: ٨،٨ملم
هەڵەبجە: ٢٦ملم


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣