Skip to the content

چوارشەممە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بەهۆی كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور لەسەر بەشەكانی باشووری عێراق، شەپۆڵێكی بارانبارین روو لە ناوچەکە دەكات و بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، كاریگەریی ئەم شەپۆڵە درێژدەبیتەوە بۆ سەر بەشێك لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕایگەیاند:''سەرەتا، بارانبارین لەسەر ناوچەكانی باشووری هەرێمی کوردستان دەستپێدەكات پاشان درێژدەبیتەوە بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی، لە كاتەكانی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بارانبارین، تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، دەگرێتەوە.''

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گوتیشی:''بارانبارینەکە بە ئاستی جیاجیا دەبارێت، پاشان دابارین لەماوەی هاتنی كاریگەریی ئەم شەپۆڵە بەشێوەی بارانی مامناوەند دەبێت و هەندێجار لێزمە بارانی پچڕپچڕیشی لەگەڵدا دەبێت، بەڵام بەم رێژەیە نابێت كە كاریگەریی لافاوی هەبێت.''

لەبارەی ئەگەری بەرفربارینەوە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، گوتی:''لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆڵە، بارستەهەوایەكی سارد ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەكات و لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان و لووتكەی شاخە بەرزەكان، بەفر دەبارێت.''

بەپێی پێشبینییەکانیش، پلەکانی گەرما لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، نزمدەبنەوە و چاوەڕواندەکرێت رۆژی پێنجشەممە، كاریگەریی شەپۆلەکە كۆتاییدێت.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣