Skip to the content

یەکەی نیشتەجێبوون بێ بەرامبەر دەدرێتە ئافرەتانی داڵدەدراو و ئەو منداڵانەی خانەکان کە تەمەنیان دەگاتە ١٨ ساڵ

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە لە سەر پێدانی ژمارەیەک لە ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی کە بڕیار وایە بۆ کەسانی هەژار و کەمدەرامەت دروست بکرێن بۆ وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی.

کوێستان محەمەد، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند:''کاتێک ئەوە ڕاگەیەندرا کە ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، نامەیەکمان ئاڕاستەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، تاوەکو ژمارەیەک یەکە بدەن بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بێ بەرامبەر.''

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی:''وەزارەتەکەیان ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە بۆ دوو حاڵەت بەکار دەهێنن کە یەکەمیان بۆ ئەو منداڵانەی کە ١٨ ساڵ تەواو دەکەن، ئەو یەکانەیان پێ بدەین، تاوەکو دەگەنە تەمەنی ٢٤ ساڵ تاوەکو دەبنە خاوەنی خێزان و پیشەی خۆیان و ژیانێک بۆ خۆیان دروست دەکەن، دوای ئەوە لێیان وەر بگیرێتەوە بدرێتەوە بەو منداڵانەی کە دوای ئەوان ١٨ ساڵ تەواو دەکەن. دووەمیشیان بۆ ئەو ژنانەی کە لە ماڵەکانی داڵدەدانی ئافەرەتان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و کێشەکانیان هەندێکیان چارەسەر کراوە و بەڵام بە داخەوە خێزانەکانیان وەریان ناگرنەوە و بێ لانەن، بۆیە بەشێکیان دەدەینە ئەو ژنانە کە بەشێکی زۆریشیان منداڵیان لە گەڵدایە و هەوڵیش دەدەین کاریان بۆ بدۆزینەوە.''

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣