بە گوژمەى ٢٠ ملیۆن دۆلار سایلۆ و کارگەی ئارد لە دهۆک تەواو دەکرێت
دابینکردن و بەهێزكردنی ئاسایشی خۆراك، یەكێكە لە ئامانجەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە کارکردن لە پرۆژە ستراتیژییەکان بەردەوامن و لەم چوارچێوەیەشدا پرۆژەی سایلۆ و کارگەی ئارد لە دهۆک، بە تێچووی ٢٠ ملیۆن دۆلار لە تەواوبووندایە.
ئەندازیار ئاراز جەمال، بەڕێوەبەری پرۆژەكەیە و دەڵێت: "پرۆژەكە ٩٣٪ـی کارەکانی تەواو بووە و لە کاتی کارکردنیش لەم پڕۆژەیەدا زیاتر لە ١٢٠ هەلی کار ڕەخسێنراوە، بە تەواوبوونیشی، ١٠٠ هەلی کاری بەردەوام بۆ دەستی کاری ناوخۆیی دەڕەخسێنێت".
هەروەها لەبارەی قەبارە و كاریگەریی پرۆژەكەشەوە گوتی: "ڕووبەری پرۆژەكە زیاتر لە ٢١ هەزار مەترە، پێک هاتووە لە ١٢ سایلۆ و کارگەیەکی ئارد؛ كە دەتوانن ساڵانە ١٥٠ هەزار تۆن گەنم وەربگرن و کارگەکەش ١٥٠ هەزار تۆن ئارد بەرهەم بهێنێت".
ئەم پرۆژەیە دەبێتە بەشێكی گرنگ لە پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە پارێزگای دهۆک و جگە لە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ناوچەکە، هەلی کاری بەردەوامیش بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری