Skip to the content

بەمزووانە کارەکانی یەکەمین بەرزەپردی سنووری ئیدارەی گەرمیان تەواو دەکرێن

هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی بەردەوامن و بۆ ئەو مەبەستەش کاری لەسەر پڕۆژەکانی سێکتەری ڕێگەوبان لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی بەرزەپردی هاتووچۆ جێبەجێ دەکرێت کە لە سنوورەکەدا هاوشێوەی نییە.

ئەم بەرزەپردە دەکەوێتە سەر ڕێگای نێوان قەزای کەلار و ناحیەی ڕزگاری لە ئیدارەی گەرمیان و “بە تەواوبوونی لە سێ مانگی داهاتوودا”، سوودێکی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە و شۆفێران دەگەیەنێت.

ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار، لەبارەی بەرزەپردەکەوە گوتی: "ئەمە یەکەمین بەرزەپردی سنووری ئیدارەی گەرمیانە و ٨٠٪ـی کارەکانی تەواو بووە”.

سەرۆکی شارەوانیی کەلار لەبارەی پێکهاتەی به‌رزەپردەکەوە گوتی: “درێژییەکەی ٩٠٠ مەترە و تێچووەکەشی سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلارە، ئەگەر کارەکان بەمشێوەیە بەردەوام بن لە سێ مانگی داهاتوودا دەخرێتە خزمەت شۆفێران".

بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، کارئاسانییەکی زۆر بۆ شوفێران دەکرێت و قەرەباڵغیی شەقامەکەش کەمتر دەبێتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری