Skip to the content

فەرمانگەى میدیا و زانیاری پرۆژەى "سەکۆ" ی ڕاگەیاند

فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەى "سەکۆ"ی ڕاگەیاند و د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەى میدیا و زانیاری، رایگەیاند:"سەکۆ لەپێناو گەیاندنی ڕاستییەکانی کار و چالاکیی حکومەت و ڕەتکردنەوە و ڕاستکردنەوەى زانیارییە نادروستەکانە."
ڕۆژى دووشەممە، ٣١ى تەممووزی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەى میدیا و زانیاری و بەڕێوەبەری راگەیاندن و وتەبێژی وەزارەت و دامودەزگای حکومەت، پرۆژەى "سەکۆ" وەکوو پرۆژەیەکی ڕاگەیاندنی حکومەت ڕاگەیەنرا. ئامانجی پرۆژەکە، بەرەنگاریی هەواڵ و زانیارییە نادروستەکانی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندنە، کە کاریگەرییان لەسەر بەلاڕێدابردنی ڕاى گشتی و هۆشیاریی خەڵک هەیە".
د.جوتیار عادل دەڵێت:''هەوڵی پرۆژەکە ئەوەیە بەرەنگاریی هەواڵ و زانیاریی نادروست بکات، هەروەها پڕوپاگەندەى ڕاستیشێوێن ڕەت بکاتەوە و هۆشیاریی بەدواداچوونی خەڵک بۆ هەواڵ و زانیارییەکان بباتە سەرەوە، ئەمەش بە مەبەستی گەیشتنی خەڵک بە زانیاریی دروست و گەیاندنی هەواڵ بە زمانێکی شارستانی و نەرمی ڕاگەیاندن کە بە هۆیەوە گوتارێکی پیشەیی دروست بکرێت، ئەمەش بە هەماهەنگی و هاوکاریی وەزارەتەکان و دەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت و فەرمانگەى میدیا و زانیارییش بۆ هەموو هاوکارییەک ئامادەیە."
کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تێگەیشتنی قووڵ بۆ ئەو هەوڵانەى هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندە بەرانبەر حکومەتی هەرێم بڵاو دەکەنەوە و دەیانەوێت لە ڕێگەى کۆمەڵێک شێواندن و پەخشکردنی ناڕاستییەوە، بۆشایی بخەنە نێوان هاووڵاتییان و حکومەت، دەیەوێت لە ڕێگەى پرۆژەى ڕاگەیاندنی جیاجیاوە، بەرگری لەو هەوڵانە بکات و دروستترین زانیاری و هەواڵەکانی پەیوەست بە حکومەت و ژیانی گشتی، بگەیەنێتە هاووڵاتییەکانی، ئەمەش لە پێناو ڕوونیی زیاتر و پێشاندانی وێنەى ڕاستەقینەى حکومەت.