Skip to the content

لە هەرێمی کوردستان 135 نەخۆشخانە و 1047 بنکە خزمەتی تەندروستی پێشکەش دەکەن

ژێرخانی تەندروستیی هەر وڵاتێک گوزارشتە لەو توانا مرۆیی و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییانەى هەن و بە پێی ژمارەى دانیشتووان و نەخۆشانى ئەو وڵاتە دەپێورێن. بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانی (WHO)، چەند پێوەرێکی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو ژێرخانەى تەندروستیی وڵاتان دیاری کردووە، کە بریتین لە: ژمارەى دامەزراوەکانی چارەسەرکردن بە نەخۆشخانە و بنکە و سەنتەرە پزیشکییەکان، تێکڕاى دانیشتووان بەرامبەر بە ژمارەى پزیشک، تێکڕاى دانیشتووان بۆ پزیشکانی ددان، ژمارەى قەرەوێلە بەردەستەکان بۆ پێشوازیکردن لە نەخۆش، ژمارەى پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی و ئامێرە تەکنەلۆژییە پزیشکییەکانە.
بە پێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی کوردستان، ١٣٥ نەخۆشخانە ( ٥٢ ئەهلی و ٨٣ حکوومی) و هەزار و ٤٧ بنکەى تەندروستی هەن، کە بنکەکان ١٦%یان دەکەونە شارەکان، ٣٢% دەکەونە قەزاکان، ١١% لە ناحیەکان و ٤١% لە گوندەکانن. بەوەش ڕێژەى هەرە بەرزی بنکە تەندروستییەکان، کە خزمەتگوزاریی گونجاویان تێدا پێشکەش دەکرێت و فشار لەسەر نەخۆشخانەکان کەم دەکەنەوە، کەوتوونەتە ناوچە گوندنشینەکانی کوردستان.
لە بارەى ژمارەى قەرەوێلەى ئامادەکراو بۆ مانەوەی نەخۆشەکان، کە یەکێکی دیکە لە پێنوێنەکانی پێهەستانی کارایانەى کەرتی تەندروستییە، کۆی گشتیی قەرەوێڵەى بەردەست، ١١ هەزار و ١٤٧ قەرەوێڵەن، کە ٨ هەزار و ١٧٩یان لە کەرتی حکومیدانە و ٢ هەزار و ٩٦٨ قەرەوێڵەی لە کەرتی تایبەتدان.
لە بارەى ژمارەى پزیشکانەوە، کۆی ژمارەى پزیشکان لە هەرێمی کوردستان ٧ هەزار و ٨٧١ پزیشکە. کە لە دابەشبوونیان بۆ هەر ١٠ هەزار کەسێک، لە پێش عێراقەوەیە. لە ڕووی کۆی پزیشکانی ددانیش بۆ هەر ١٠ هەزار کەسێک، هەزار و ٤٦٤ پزیشکی هەیە و لە پێش وڵاتانی ئێران و سعودیەوەیە. بۆ ژمارەى پەرستارانیش خاوەنی ٢٢ هەزار و ١٤٧ پەرستارە، کە ڕێژەى هەرە بەرزیان کچ و ژنن و لە دابەشکردنیدا بۆ سەر هەر ١٠ هەزار کەسێک، لە پێش لوبنان و سووریاوەیە.
کۆى گشتیی ئەو ئامێرە ستراتیجییە پزیشکییانەى لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەن و لە کاردان، ٦ هەزار و ١٧٧ ئامێرن و بەردەوامیش لە زیادکردندان.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٢٣٢ هەزار و ٥٣٢ نەشتەرگەریی جۆراوجۆرى سەرووگەورە و گەورە و ناوەند و بچووک لە پسپۆڕیی جیاجیادا کراون و ئەمەش ڕۆڵی هەبووە لەوەى چارەخوازان کەمتر ڕوو لە دەرەوەى کوردستان بکەن و تێچوونی زیاتریان نەڕوات.
کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرباری بارودۆخی تایبەتی دارایی و پەتاى کۆرۆنا، هەوڵی زۆرى داوە ژێرخانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ببووژێنێتەوە و لەو کارنامەیەشدا ئامانجییەتی هێز و توانا و پێگەى دامەزراوە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی کەرتی حکومی زیاتر بەرز بکاتەوە، تاکوو بگاتە ئاستێکی نزیکی پێوەرى جیهانی.

فەرمانگەى میدیا و زانیارى