Skip to the content

پەروەردە لە کابینەى نۆیەمدا؛ دروستکردنی سەدان ناوەندی فێرکردن و نوێکردنەوەى میتۆدی خوێندن

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە، هەنگاوی گرنگی بۆ چاكسازی ناوە، وەزارەتی پەروەردە لە چوار ساڵەی كابینەی نۆیەم، لە سۆنگەى باوەڕبوون بە گرنگیی پڕۆسەى پەروەردە و دروستکردنی پێگەیەکی گرنگی فێرکردن، كۆمەڵێك كار و چالاكیی ستراتیژیی پەروەردەیی لەم سێکتەرەدا جێبەجێ کردووە.
بە مەبەستی چاكسازی و گۆڕانكاریی زیاتر لە بواری پەروەردە و خوێندن، لەگەڵ باشتركردنی كوالێتیی خوێندن بۆ سەرجەم گرووپە جیاوازەكانی قوتابيیان و دابینكردنی كەشێكی ئارام و گونجاو بۆیان، وەزارەتی پەروەردە پێداچوونەوەی بە پڕۆگرامەكانی خوێندن و بەدیجیتاڵكردنیان كردووە.
بۆ ئەم مەبەستەش لە بواری ژێرخانی پەروەردەیی، ٨٠ قوتابخانە و باخچەی منداڵان دروست كراون، زیاتر لە ١٠ قوتابخانەی تریش كاریان تێدا دەكرێت و لە تەواوبووندان، ١٣٠٠ قوتابخانە و باخچەش نۆژەن كراونه‌تەوە، ٢٣٨ ژووری نوێی خوێندن دروست كراون و تا كۆتاییی ئەمساڵ ١٦٧ ژووری دیكە دروست دەكرێن.
لە بواری ڕاهێنانی پەروەردەیی، ستراتیژی ٧ ساڵی ڕاهێنانی مامۆستایان (٢٠٢٣ – ٢٠٣٠) دانراوە، کە مانگی ٩ ی ئەمساڵ دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن بۆ گەشەپێدانی توانای مامۆستایانی کەرتی حکومی و پاش چەند ساڵی دیکە کاریگەریی باشی لە کوالێتیی پەروەردە و فێرکردن دەبێت.
گۆڕانكاری و پێداچوونەوە بۆ پڕۆگرامی خوێندن كراوە و چەندین پڕۆگرامی نوێی خوێندن لەم کابینەیە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن و دەیان پڕۆگرامی دیکەش نۆژەن کراونەتەوە و گۆڕانکاریی جەوهەرییان تێدا کراوە؛ کۆی گشتیی ئەوەی کراوە ٤٠ پڕۆگرامی خوێندنە و ئەم کارە بە گوێرەی پلانی وەزارەت بەردەوامیی هەیە و ئێستا کار لە ٣٥ ناونیشانی دیکەش بۆ چاکسازی دەکرێت.
بۆ مەبەستی بەدیجیتاڵكردنیش، هەموو کاروباری کەرتی پەروەردە بە دیجیتاڵی کراون بۆ نموونە داتای قوتابخانە، مامۆستایان، فەرمانبەران، قوتابیيان، کۆگا و کەلوپەل، پلاتفۆرمی ڕاهێنان، پلاتفۆرمی وانەی ئەلیکترۆنی، پلاتفۆرمی ژمێریاریی خەرجی و داهات، واژۆ و هامش، ئەلیکترۆنیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە و چەندین وردەکاریی دیکە.
لە ڕووی كوالێتیشەوە، دەستەی متمانەبەخشین لەسەر پێشنیاز و داواکاریی سەرۆکی حکومەت دامەزرا، کە ستانداردی گونجاو دادەنێت بۆ پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، تاکوو دەستە بەتەواوی کارەکانی ڕێک دەخات. ئێستا بە گوێرەی پڕۆژەی بونیاتنانی تواناکان کە ستانداردی بۆ قوتابخانە و مامۆستاش هەیە، ئەمساڵی خوێندن هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەدە ئەنجام دراوە کە بۆ ٤ ئاست قوتابخانەکان پۆلێنبەند كران.