Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆ دەبێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، چەند تەوەرەیەک دەخرێنە ڕوو: تەوەرەی یەکەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشهاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ - ٢٠٢٥، بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

لە تەوەرەی دووەمدا، داڕشتنی کۆدی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان و ڕێنماییی نوێی وەزارەتی شارەوانی بۆ پلانسازی و تۆمارکردنی ئەلیکترۆنیی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان دەخرێتە ڕوو.

تەوەرەی سێیەم تایبەت دەبێت بە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی دیاردەکانی سیمکارتی بێخاوەن، ئۆتۆمبیلی تۆمارنەکراو و چەکی بێمۆڵەت.

لە تەوەرەی چوارەمدا بابەتی دەستنیشانکردنی قەدەغەکراویی ڕێگا گشتییەکان لە دەرەوەی شارەکان و بەرگرتن و لابردنی زێدەڕۆییەکان دەخرێتە ڕوو.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری