Skip to the content

بەنداوى بەستۆرە؛ سوودی فرەجۆر و دابینکردنی ئاسایشی زیاتری ئاو

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەگی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری و دروستکردنی بەنداو دەدات؛ لەو چوارچێوەشدا، ڕۆژی ٢٤ى حوزەیرانی ٢٠٢٣، بەنداوی بەستۆرە، لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێم، لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەى دانرا.

بەنداوی بەستۆرە له جۆری خاکی دەبێت، دەکەوێتە گوندی گۆمەسپان لە پارێزگاى هەولێر، لە ماوەى ساڵێکدا تەواو دەکرێت، 30 مەتر بەرز دەبێت و توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دەبێت. ڕێژەى  100%ی بەنداوی بەستۆرە بە توانا و شارەزاییی ناوخۆیی دروست دەکرێت، ئەوەش ڕێژەیەک لە دەرفەتی کار بۆ ناوخۆ فەراهەم دەکات.

سوودە گرنگەکانی بەنداوەکە، جگە لە پاراستنی سامانی ئاو، بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەبێت، کە بە هۆیەوە سامانی ماسی بەرەوپێشتر دەبات؛ ئەمەش وا دەکات بەرهەمی ماسیی ناوخۆیی زیاتر بێت و زیادەکەشی بنێردرێتە دەرەوە.

لە ڕوویەکی دیکەوە، کەرتی گەشتیاری لەو ناوچانەی بەنداوەکەی لێ دروست دەکرێت دەبووژێتەوە، ئەمەش سوودی زۆری بۆ جوانترکردنی ناوچەکە دەبێت و دەبێتە هۆی سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران و قازانج بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.

ڕەهەندێکی دیکەى پرۆژەکە، پاراستنی خەڵکە لە کاریگەرییەکانی لافاو، چونکە لە دوورخستنەوەى مەترسیی ڕوودانی لافاو و زیانگەیاندن بە گوند و شاردێ و شارۆچکەکانی دەوروبەری کاریگەریی دەبێت.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری