Skip to the content

زیاتر لە دوو هەزار قوتابی لەخۆ دەگرێت؛ بەشەناوخۆییەکانی کەمپی نوێی زانکۆی سەڵاحەدین تەواو دەکرێن

پرۆژەی دروستكردنی كۆمەڵگەی بەشەناوخۆیی، کە بەشێكە لە پرۆژەی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین، ڕێژەى ٩٨%ی تەواو بووە. ئەوەى ماویەتی، تەنیا ڕاکێشانی هێڵی کارەبایە و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت.

زیاتر لە ٢٢ ملیۆن دۆلار تێچووەکەیەتی
عەبدولکەریم جەبار، ئەندازیاری شارستانیی پرۆژەکە، لەوبارەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیارى گوت: "پرۆژەکە گوژمەی ٢٢ ملیۆن و ٤٦٢ هەزارو ٦٤١ دۆلاری لەسەر بوودجەی پترۆدۆلار بۆ تەرخان کراوە، لە ٢٦ـی تشرينى يەكەمی ٢٠١٠ دەست بەكار بووە، ڕووبەرەكەشی ٢٤ دۆنم (٦٠ هەزار مەتر چوارگۆشە) یە، بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە نزیکەى هەزار و ٤٠٠ قوتابی تا ٢ هەزار و ١٠٠ قوتابی لێی سوودمەند دەبن.''

پرۆژەکە لەڕووى بیناسازییەوە هەمەلایەنە
عەبدولکەریم جەبار، دەشڵێت: "پرۆژەکە لە چوار باڵەخانەی سێ نهۆمی، لەگەڵ باڵەخانەیەكی كافتریای سێ نهۆمی و هەشت كوشك و بنكەیەكی تەندروستی و باڵەخانەیەكی كارگێڕی و هۆڵی پێشوازی و هۆڵێكی گەورە پێكهاتووە. لە هەر باڵەخانەیەكیش دوو ژێرزەمینی تێدایە، ڕووبەری هەر یەكێکیان ٤٠٠ مەتر چوارگۆشەیە و پاركی ئوتومبێل و ٢ گۆڕەپانی بالە و باسكەی تێدایە".

سیستەمی سەلامەتی لەبەرچاو گیراوە
عەبدولکەریم جەبار، دەشڵێت: "لەڕووی پاراستنی سەلامەتییەوە، سیستەمی ئاگركوژێنەوە وە زەنگدانەوەی ئاگری تێدایە و ئینتەرنێت و سیستەمی كامێرەی چاودێری هەیە؛ هەموو باڵەخانەكان بەو سیستەمانەوە بەستراونەتەوە. ئەو پرۆژەیە لەلایەن ئەندازیارانی بەرێوەبەرایەتیی ئەندازە و پرۆژەكان نەخشەسازی بۆ كراوە و هەر لەلایەن خۆشیانەوە سەرپەرشتی تەواوكردنی پرۆژەكە دەكرێت".

پرۆژەکە تەنیا بەستنی کارەبا و دابینکردنی کەلوپەلی ماوە
تەیب عومەر، بەرێوەبەرى ئەندازە و پرۆژەکان لە زانکۆى سەڵاحەددین، بە فەرمانگەى میدیا و زانیارى گوت: "پرۆژەی دروستكردنی كۆمەڵگەی بەشە ناوخۆیی، ڕێژەى ٩٨%ی تەواو بووە. ئەوەى ماویەتی، تەنیا ڕاکێشانی هێڵی کارەبایە و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت. وەزارەتی كارەبا پشکنینی بۆ ڕاكێشانی كارەباكە كردووە، کە بە ٣٣ كەیڤی، نزیكەی ٥،٣ مێگاوات كارەبای دەوێت. لەگەڵ دابینكردنی كەلوپەلی پێویست بۆ حەوانەوەی قوتابیان؛ بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەك لەلایەن سەرۆكایەتیی زانكۆوە ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی دەرخستەیەك ئامادە بكات، تا بە زووترین كات هەردوو بەشی ڕاكێشانی كارەبا و كەلوپەلی پێویست دابین بکرێت".
"بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش زانكۆ زۆر سوودمەند دەبێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر فێرخواز لە خۆى دەگرێت. باڵەخانەكەش بەشێوەیەكی زۆر شارستانی دروست كراوە و پێشكەوتووە، ئەگەر بەراوردی بكەی لەگەڵ باڵەخانەكانی دەرەوەی زانكۆ، زۆر خۆشتر و دڵگیرترن، ئەمەش خزمەت بە ژینگەى خوێندن لە ناو زانكۆی سەڵاحەدین دەکات".

فەرمانگەى میدیا و زانیارى