Skip to the content

سەنتەرى پزیشکیی خانزاد؛ کوالێتی و نرخی گونجاو بۆ هاووڵاتییان

سەنتەری خانزاد لە هەولێر، بە نۆ بەشی جیاوازەوە لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە و نرخی خزمەتگوزارییەکانی بەراورد بە نەخۆشخانە ناحکومییەکان هەرزانترە؛ بەشەکانیشی بریتین لە ددانسازی، پڕکردنەوە، بەشی منداڵان، تاقیگە، نەشتەرگەری و دەماربڕین، نەشتەرگەریی پووک و بەشی لێزەر.
فەهد عەبدولواحید، یاریدەدەرى بەڕێوەبەر لە سەنتەرى خانزاد بۆ تەندروستیی دەموددان لەبارەى نرخەکانەوە قسەی بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری کرد و گوتی: "سەنتەرەکەمان بە بڕیارى ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی، لە ١ى ئایارى ٢٠٢٣ەوە بە سیستەمی نیمچەتایبەت کار دەکات، ئەوەش لەپێناو خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان و ئاسانکاری لە نرخدا کە جیاوازیی زۆرى لەگەڵ نرخی دەرەوەى نەخۆشخانەدا هەیە."
ڕۆژانە نزیکەى ١٠٠-١٥٠ نەخۆش لە سەنتەری خانزاد چارەسەرى پزیشکی وەردەگرن و لە لایەن ٣٠٠ کارمەندی پزیشک و یاریدەدەر و کارمەندی پزیشکیی حکومییەوە کارەکان ڕایی دەکرێن.
د. ڤیان سمکۆ، پسپۆڕی چارەسەرى ددانی منداڵانە و بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: "ئەو چارەسەرانەى لەم نەخۆشخانەیەدا دەکرێن، گەر جۆر و کوالیتییەکەى لە کلینیکەکانی دەرەوە بەرزتر نەبێت، ئەوا هاوشانییەتی. چونکە ئێرە سەنتەرى پسپۆڕیی پزیشکی ددانی منداڵانە، لەوانەیە چارەسەرکاران لە زۆربەى کلینیکەکانی دەرەوە لێهاتوو نەبن و نەتوانن مامەڵەیەکی تایبەت لە کاتی چارەسەردا پێشکەشی منداڵان بکەن."
دەشڵێت: "لێرە بە تەواوى چارەسەرەکان پێشکەش بە نەخۆش دەکرێن و زۆربەشیان کێشەیان لەگەڵ نرخی چارەسەرەکان نییە، لە کلینیکەکانی دەرەوە چارەسەرى منداڵان بەهۆى گریان و ئازاریان قورسە، بۆیە لەوێوە دێنە نەخۆشخانەکەمان. چارەخوازانیش مەبەستییانە منداڵەکانیان بە کەمترین قورسی و ئازار چارەسەر بکرێن کە لێرەدا بۆیان جێبەجێ دەکرێت."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری