Skip to the content

لە هەر شوێنێك سیستەمی پریپەید هەبێت كارەبای 24 كاتژمێری هەیە

وەزارەتی کارەبا بەمەبەستی دابینکردنی كارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتییان، دەیەوێت سیستەمی پریپەید بۆ شارەکان دابین بکات و “ئەو شوێنانەی ئێستا کارەبایان کراوەتە ئەم سیستەمە، ٢٤ کاتژمێر کارەبایان هەیە”.

‏‎بە پریپەیدكردنی كارەبای نیشتمانی، جگەلەوەی كارەبایەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات، لەو شوێنانەی سیستەمەكە جێگیر كراوە، لۆدی سەر گۆڕەرەکانی کارەبا بە نزیکەی ٥٠٪ کەمبووەتەوە و “کارەبای بەردەوام بۆ پڕۆژە، بیرەکانی ئاو و ڕووناکیی شەقامەکان دابین کراوە”.

‏‎ئەمە جگە لەوەی کە ئەم سیستەمەی کارەبا، دەتوانێت بارزۆری و کێشەی ڤۆڵتیە بەتەواوی چارەسەر بکات.

‏‎سیستەمی پریپەید، جگە لە ژینگەیەكی پاك و كارەبایەكی باش و بەردەوام، بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییانی بەهۆی نەهێشتنی دوو سەرچاوەی پێدانی کارەبا کەمتر كردووەتەوە، “لەو شوێنانەی سیستەمەكەیان بۆ بەستراوە، سەرپێچییەکانی سەر کارەبا چارەسەر کراون و ژمارەی راستەقینەی هاوبەشانی کارەبا بە دیار کەوتوون”.

‏‎ئەمەش لەکاتێکدایە ملیۆنێك و ٣٠٠ هەزار پێوەری زیرەک لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراون، بەمەش ٩٢٪ـى هاوبەشان پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە و ئامادەن بۆ ئەوەی بكرێنە سیستەمی پریپەید.
 
‏‎فەرمانگەی میدیا و زانیاری