Skip to the content

نزیکەی 600 پیشەوەر لە ناوچە نوێیە پیشەسازییەکەی دهۆک کار دەکەن

پرۆژەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە دهۆك، یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەبێتە پرۆژەیەکی هاوچەرخ و پێشکەوتووی دەڤەرەکە و دەکەوێتە دەروازەی خۆراوای شاری دهۆک، پرۆژەكە لە ٥ ناوچە پێک هاتووە و ڕووبەرەکەی ٣٠٠ دۆنمە؛ گوژمەی جێبەجێکردنیشی زیاتر لە ٦٢ ملیۆن دۆلارە بووە.
لە بارەی خزمەتگوزارییە بەردەستەکانی ئەم ناوچە پیشەسازییە، دلۆڤان بەرەکات، خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکار، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: ''هەموو ئەو كەرەستانەی پێویستن لە پرۆژەکەدا، بۆ ئەو کەسانەی لە پرۆژەکەدا کار دەکەن یان ئەوانەی سەردانی ناوچەکە دەکەن، دابین کراون".
لە کۆی پێنج ناوچەی پرۆژەکە، سێ ناوچەیان تەواو بوونە و دوو هەزار و ٣٧٨ دووکان بە ڕووبەری جیاواز لەخۆ دەگرێت، کارکردن لە دوو ناوچەی دیکەش بەردەوامە، ئێستاش ٦٠٠ دووکان ئاوەدان کراونەتەوە و پیشەوەران کاری لێ دەکەن.
ناوچەی پیشەسازیی ئێستای شاری دهۆك، سیمایەکی ناشارستانی بە شارەکە بەخشیوە، بۆیە شوێنەکەی دەکرێتە باخچە، بەمەش ڕێژەی سەوزایی لە ناوچەکە زیاد دەکات و جوانییەکی زۆر بە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی دهۆک دەبەخشێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری