Skip to the content

وردەکاریی پرۆژە گرنگەکەی سەرۆکوەزیران بۆ کرێکار و فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەخت لە هەمەچەشنکردنی ئابووری دەكاتەوە و لە پێشینەی کارەکانی دادەنێت، ئەمەش لەپێناو کوردستانێکی بەهێزتر. هەر لەم چوارچێوەیەدا بە هاوبەشیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری و خزمەتگوزاریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، زیاتر لە ٤٠ هەزار دۆسیە، كە پێشينه‌ى نزیکەی ١٥٠ هەزار کرێکاریان تێدایە، بە دیجیتاڵی دەكرێن و بەشێوازێكی نوێ ڕێك دەخرێنەوە، تا یەكانگیر بێت لەگەڵ ئامانجی كابینەی نۆیەم، بۆ دروستكردنی حكومەتێكی دیجیتاڵی.

‎گرنگییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی
‎هەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتووی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، پایەیەکی سەرەکیی بەهێزی هەر حکومەتێکە و كابینەی نۆیەمی حكومەتیش، پاراستنی مافەکانی کرێکاران و گەشەپێدانی هێزی کار، بە ئەرکی خۆی دەزانێت؛ هەروەها بەهێزکردنی کەرتی تایبەت وەک هاوبەشێکی سەرەکیی حکومەت، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکان و بە دامەزراندنی سیستەمێکی هاوچەرخی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کەرتی تایبەتیش سەقامگیرتر دەکات.

‎کێشەکانی بەردەم دەستەبەری کۆمەڵایەتی
‎خزمەتگوزاریی ئێستای دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ پلان و كارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی پتەوی ئابووری و هەنگاونان بەرەو حکومەتێکی دیجیتاڵی یەکانگیر نییە، تۆمارکردنی ڕێژەی پابەندبوون بە دەستبەریکردنی کرێکاران لە کەرتی تایبەت لە ژێر ١٠٪ـیە، ئەرکەکانی خاوەنکاران دەبێت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و کرێکاران بێبەش نەکرێن لێی؛ لەگەڵ ئەوەی دەستکەوتنی داتا و ئاماری دروست بۆ ناوەندی حکومەت و خزمەتگوزارییەکانی تر ئەستەم بووە، بەو پێیەی هەموو تۆمارەکان و مامەڵەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کاخەزیین.

‎بە دیجیتاڵكردنی داتای هەزاران كرێكار
‎سیستەمی پێشووی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، بارگرانییەکی گەورە بوو لە سەر کەرتی تایبەت و ڕۆتینێکی زۆری بۆ کارمەندان تێدا بوو؛ لە قۆناغی ئێستادا ئەرشیڤکردنی دۆسیەکانی زیاتر لە ٥٠ ساڵی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، زەمینەیەکی لەبار بۆ دامەزراندنی حکومەتی دیجیتاڵی دەڕەخسێنێت، كە ئەم پرۆسەیە لە چەند مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت و زیاتر لە ٤٠ هەزار دۆسیە کە دەکاتە زیاتر لە ٥ ملیۆن دۆکیۆمێنت، دەکرێتە تۆماری دیجیتاڵی، ئەم دۆسیانە، تۆماری پێشينه‌ى نزیکەی ١٥٠ هەزار کرێکاریان تێدایە.
‎حكومەت لەگەڵ پسپۆر و شارەزایانی بەئەزموون لە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و کۆمپانیا ڕاوێژکارییەکانی تر، بە هەڵسەنگاندن و دووبارە ڕێکخستنەوە بۆ پرۆسەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەڵدەستێت، بە جۆرێک بگونجێت لەگەڵ ستانداردی نێودەوڵەتی، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتانی پێشکەوتووی وەکوو ئەمریکا و ئیستۆنیا و ئوردن، هەروەها وەبەرهێنان لە داهاتی زیادەی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەكات، بۆ گەشەپێدانی کەرتە ئابوورییەکانی وەکوو کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا و گەشتیاری.

‎ئامارەکانی ئێستا و پێشبینییەکان بۆ داهاتوو
‎ژمارەی دەستەبەرکراوان بە سیستەمی کاخەزی لە ئێستادا، ١٣٩ هەزارە و بۆ سیستەمی دیجیتاڵی لە داهاتوودا، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٤ بگاتە ٢٨٠ هەزار و بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بگاتە ٤٢٠ هەزار دەستەبەر، هەروەها ژمارەی بەڵگەنامەكان بە سیستەمی کاخەزی لە ئێستادا زیاترە لە ٥ ملیۆن و تا کۆتایی مانگی ٩ـی ساڵی ٢٠٢٣، سەرجەمیان لە سیستەمی دیجیتاڵی تۆمار دەکرێن.

‎لە پێشوودا حکومەت تەنیا لایەنی سەرەکیی دامەزراندن بوو، بەڵام ئەو هاوکێشەیە دەگۆڕێت، بە شێوەیەک حکومەت هەلی کار تەنیا بە دامەزراندن لە کەرتی گشتی نەڕەخسێنێ، بەڵکوو بە کاری هاوبەش لەگەڵ کەرتی تایبەت، دەرگای هەزاران دەرفەتی کار دەکاتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری