Skip to the content

وێستگەی ئاوی قورسی دهۆک مانگانە 70 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ پاککردنەوە وەردەگریت

بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان، چارەسەرکردنی ئاوی قورس لە ڕێگای دروستكردنی وێستگەكانەوە، بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورسیش لە پارێزگای دهۆک، كە ڕووبەرەکەی ٢٠ دۆنم زەوییە و بە گوژمەی ملیۆنێک دۆلار كەوتووەتە كار، ئێستا مانگانە زیاتر لە ٧٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک بەرهەم دەهێنێت.
وێستگەکە، گەورەترین وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورسە لە هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی دەبێت. لەبارەی پێکهاتەی ئەم وێستگەیەوە، ئەشواق زەنوون، بەڕێوەبەری وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس لە پارێزگای دهۆک، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "وێستگەکە بە سرووشتی و بەبێ بەکارهێنانی هیچ ئامێرێک کار دەکات و مانگانە زیاتر لە ٧٠ هەزار مەتر سێجا ئاو وەردەگرێت".
لەبارەی بەرهەمی ڕۆژانەی وێستگەکەوە، ئەشواق زەنوون، ئاماژەی بەوە کرد: ''بەرهەمی ڕۆژانەمان ٣٠٠ مەتر سێجا ئاوە، ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٤٠ تانکەر ئاوی قورسی ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای دهۆکمان بۆ دێت، پاشان بە کۆمەڵێک قۆناخ و بەشێوەیەکی زانستی، چارەسەری دەکەین".
وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس لە پارێزگای دهۆک، لە ساڵی ٢٠١٩ دروست کراوە، ڕووبەرەکەی ٢٠ دۆنم زەوییە و گوژمەکەشی ملیۆنێک دۆلارە، ئاوە پاککراوەکەی ئەم وێستگەیە، دەتوانرێت بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سوودی لێ وەربگیرێت، هەروەها دەبێتە هۆکارێکیش بۆ زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری