Skip to the content

وەزارەتی ناوخۆ بێبەرانبەر چەکی هاووڵاتییان تۆمار دەکات

وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە "تاکوو 21ـی تەممووز، مۆڵەت ماوە بۆ ئەو کەسانەی چەکیان هەیە و دەیانەوت بە ناوی خۆیانەوە تۆماری بکەن".
هێمن میرانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "بێبەرانبەر و بە خۆڕایی، چەکەکان بۆ هاووڵاتییان تۆمار دەکەن، ئەو کەسانەی چەکیان هەیە تەنیا پێویستە سەردانی یەکێک لە بنکەکانی تۆمارکردن لە شار و شارۆچکەکان بکەن.
لەبارەی پرۆسەی تۆمارکردنی چەکەوە، هێمن میرانی گوتی: "زیاتر لە مانگێک ماوە بۆ کۆتاییهاتنی پرۆسەکە، دوای ئەو کاتەش چەکەکان دەبنە قاچاخ و سزای یاساییی ئەو کەسانە دەدرێ کە پێیانەوە دەگیرێت".
تۆمارکردنی چەک ئارەزوومەندایە و هیچ تێچوویەکیشی نییە، ئەو کەسانەشی نەیانەوێت چەکەکانیان لەگەڵ خۆیان بۆ تۆمارکردن ببەن، تەنیا ژمارەکەی دەبەن و بۆیان تۆمار دەکرێت".
هێمن میرانی داوای لە هاووڵاتییان کرد، پەلە لە تۆمارکردنی چەکەکانیان بکەن و هاوکار بن بۆ داماڵینی چەکی بێمۆڵەت، لەپێناو کەمکردنەوەی ڕووداوەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارامی کۆمەڵایەتی.
دوای 21 ـی تەممووزی ئەمساڵ (٢٠٢٣) هەر کەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێ بگیرێت، بەپێی یاسا سزا دەدرێت: "لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی و دوو بۆ پێنج ملیۆن دیناریش پێبژاردن دەبێت".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری