چوار پڕۆژەی ڕێگاوبان بە گوژمەی زیاتر لە 5 ملیار دینار لە سیدەكان جێبەجێ دەکرێن
نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی ڕێگاكانی هاتووچۆ بۆ سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان و ئاسانكاریی هاتووچۆكردن و بەستنەوەی ناوچەكان بەیەكەوە، یەكێكە لە ئامانجەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لەو چوارچێوەیەدا ٤ پرۆژەی ڕێگاوبان، لە قەزای سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە گوژمەی ٥ ملیار و ٤٢ ملیۆن و ٨٤٥ هەزار دینار و بە درێژاییی (٣٢,٧) كیلۆمەتر، لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
بەپێی ئەو داتایانەی کە ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری ناردووە و پرۆژەكان بریتین لە دروستکردنی ڕێگای "دۆڵی زەرزێ" کە گوژمەی یەک ملیار و ٧٥٦ ملیۆن و ٣٧٥ هەزار دیناری بۆ تەرخان کراوە و درێژییەکەی (١١،٢) کیلۆمەترە.
یەکێکی دیکە لە پرۆژەکان دروستکردنی ڕێگای "گەلی شێخزادە"یە، بە گوژمەی ملیارێک و ٢٣٩ ملیۆن دینار، كە درێژییەکەی (٩,٥) کیلۆمەترە.
دروستکردنی رێگای "گەلی لێتان" یەکێکی دیکەیە لە پرۆژەکان، كە درێژییەکەی ١١ کیلۆمەترە و بە گوژمەی ملیارێک و ٨٩٧ ملیۆن و ٤٧٠ هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت.
پرۆژەی دروستکرنی رێگای "دەشتەهێرت" گوژمەکەی ١٥٠ ملیۆن دینارە و درێژییەکەی کیلۆمەترێكە کە کاری چاککردنەوە و قیرتاوکردنی بۆ دەکرێت و ئەم پرۆژەیە لە سەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری