Skip to the content

کارەبا لە گازی بەفیڕۆچووی بیرە نەوتییەکانی گەرمیان بەرهەم دەهێنرێت

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و بەرهەمهێنانی کارەبا لەو گازەی کە لە کێڵگە نەوتییەکانەوە بەفیڕۆ دەچێت و دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکانەوە کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
وێستگەی کارەبای ١٦٥ مێگاواتيی گەرمیان، کە لە گازی بەفیڕۆچووی بیرە نەوتییەکانی حەسیرە کارەبا بەرهەم دەهێنێت، ساڵی ٢٠٢١ کارەکانی دروستکردنی تەواو بووە و دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە، ئێستاش ١١٨ هەلی کاری ناوخۆیی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە ڕەخساندووە.
ڕووبەری وێستگەی کارەبای ١٦٥ مێگاواتیي گەرمیان ٣٥ دۆنم زەوییە و پێکهاتووە لە ١٨٠ مۆلیدە و ٤٥ گۆڕەڕ، توانای بەرهەمی کارەبای هەر مۆلیدەیەکیش ٠.٩ مێگاواتە، ئەمە جگە لەوەی کە بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو وێستگەیە، نزیکەی ١٠٠ مێگاواتە و هەوڵەکانیش بۆ زیادکردنی ئەو ڕێژەیە بەردەوامن.
کابینەی نۆیەم، کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و پاراستنی ژینگە لە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکان. ئەم وێستگەیە جگە لە سوودە ئابوورییەکەی، سوودێکی زۆریشی بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری