Skip to the content

گرنگترین پڕۆژەی ستراتیژیی حکومەت لە ئیدارەی ڕاپەڕین جێبەجێ دەکرێت

هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزیی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەشدا، پرۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە، لە مانگی ١٠ـی ئەمساڵ، بە گوژمەی زیاتر لە ١٢ ملیار دینار تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەت شۆفێران و هاووڵاتییانەوە.
پرۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە، کە ئیدارەی ڕاپەڕین بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە، دەبێتە درێژترین پردی ناوچەکە و کارکردن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە بەردەوامە، سەبارەت بە کارکردن و ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێت: "ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت، لە مانگی ١٠ـی ئەمساڵ، پرۆژەکە تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەت شۆفێران و هاووڵاتییانەوە".
لەبارەی گرنگیی پرۆژەکەشەوە، هیوا عەبدوڵڵا، ئەندازیاری پرۆژەکە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: "پرۆژەکە، یەکێکە لە پرۆژە بەردەوام و ستراتیژییەکانی حکومەت لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ئەویش یەکەمجارە پرۆژەیەکی لەم شێوەیە لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت".
تاوەکوو ئێستا ٦٧٪ـی پرۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە تەواو بووە و کارکردنیش بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە لەکاتی خۆیدا، بەردەوامە.
هیمداد ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، لەبارەی پێکهاتەی پردەکەوە گوتی: "درێژیی پردەکە ٤٠٨ مەترە و بەرزییەکەشی ٢١ مەترە. لە دوو ئاراستەی چوون و هاتن پێک هاتووە، پانیی هەر ئاراستەیەک ٥ مەتر و نیوە، ئەمە جگە لەوەی پایەڵەکانی پردەکە ١٢ مەتر لەژێر زەوییەوەن".
گوژمەی دروستکردنی پردی دەربەندی ڕانیە، ١٢ ملیار و ٤١٦ ملیۆن دینارە و پێشتر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەکەی دانراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری