هەرێمى کوردستان پرسێکى سەرەکى کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی زانکۆی ڕیخوان کارلۆسى ئیسپانیا بوو
کۆنفڕاسى ساڵانەی "ڕیخوان کارلۆس" لە شاری مەدریدی وڵاتی ئیسپانیا بە بەشدارى دەیان کەسایەتی دیپلۆماتکار و ڕۆژنامەنوس و سیاسی بەڕێوە چوو.
لەو کۆنفڕانسەدا کە لە لایەن قوتابیان و مامۆستایانی بەشی نێودەوڵەتیی زانکۆی "ڕیخوان کارلۆس"ـەوە ڕێک خرابوو، بۆ یەکەم جار ئەندامێکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى تێدا بەشدار بوو.
ئایدن ئۆستان، کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا کە وەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنفڕانسەکە بوو، باسی ڕاپەڕینى گەلانى کوردستان و چۆنیەتی دروستبوونی حکومەتی هەرێمی هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا کرد و لە نێو قسەکانیشیدا ئاماژەى بە ڕووداو و کارەساتە گەورەکانى کۆڕەو و ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە کرد. لە نێو قسەکانیشیدا، ئایدن ئۆستان، ئاماژەى بە بەرەنگاربوونەوەی بوێرانەى هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرامبەر بە تیرۆریستانى داعش و شکاندنى مۆتەکەى تۆقێنەرترین تیرۆریزمى جیهان کرد.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئیسپانیا، باسی دۆخی ئێستای حکومەتی هەرێم و کار و پڕۆژە و ڕوئیاکانى کرد لەسەر پێشخستنى کەرتەکانى پیشەسازى و ئابووری و کشتوکاڵ و کەرتى گەشتیارى و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ جیهانی دەرەوە کە هەنگاوەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەوە باشتر دەچن.
کۆنفڕاسى ساڵانەی "ڕیخوان کارلۆس" کە تیایدا زیاتر لە ٧٠ قوتابی و مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ و ئەکادیمى و سیاسى تێدا بەشدار بوون، گوێگرێکى باشى پرسەکانى هەرێمى کوردستان بوون و هەر ئەمەش هۆکارى دروستبوونى چەندین پرسیار بوون لە لایەن ئامادەبووانەوە کە نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەڵامى دانەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٨ی ئاداری ٢٠٢٣