Skip to the content

پڕۆژە نوێیەکانی پۆند و ئاوەڕۆ هەولێرى لە لافاوی زستانی ئەمساڵ پاراست

دواى ئەوەى لە چەند زستانی ڕابردوودا، شارى هەولێر تووشی لافاو دەبووە و زیانی ماددی و گیانیی هاووڵاتییانی لێ دەکەوتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاسپاردنى ڕاستەوخۆ و چاودێریی نزیکانەى مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پڕۆژەکانی کردنەوەى ڕێڕەوی باراناو و دروستکردنی پۆند و ئاوەڕۆ بەهێزتر و فراوانتر کران و بەرەنجامی ئەم وەخۆکەوتنەش لە زستانی ئەمساڵدا دەرکەوتن کە هیچ لافاوێک لە شارەکەدا ڕووی نەدا.
بۆ مەبەستی بەدواداچوونی ئەم باسە، هێمن قادر، جێگری پارێزگارى هەولێر، بۆ میدیاى فەرمیی حکومەت دواوە.

بە پشتیوانیی سەرۆکی حکومەت پڕۆژەکان جێبەجێ کران
هێمن قادر دەڵێت: "هۆکاری سەرەكیی ڕووداوەکانی کۆبوونەوەى ئاو و لافاو، گۆڕانی ئاووهەوایە، بارینی ڕێژەیەكی زۆری باران لە كاتێكی زۆر كەمدا، بێگومان سێڵاو و لافاو دروست دەكات و زیانی ماددی و زیانی گیانیشی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە وەكوو گرنگیدانی ئێمە و خودی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، کە خۆی لە كۆبوونەوەی دیوانی پارێزگای هەولێر ئامادە بوو، هەموو لایەنەكانی بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و چارەسەری ئەو کێشانە ڕاسپارد."
"ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە تایبەتمەندەكان، پێش هاتنی وەرزی زستان لە چەند مانگی ڕابردوودا، وەكوو ئەركی خۆمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان وەكوو بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر و ئاو و ئاوەڕۆكان و كشتوكاڵی هەولێر و فەرمانگەكان، ئەو زێدەڕۆییانەی لەسەر ئەو ڕێڕەوەی ئاوەکان کرابوو چارەسەر کران و ڕێڕەوەكان و بنپردەكان و قەنتەرەكان و ئاوبەرەكان لە دەوروبەری شار پاک کرانەوە؛ لە هەمان كاتیشدا لە ناوەوەی شاری هەولێر، زێرابی نوێ دروست کران و هەموو زێرابەكان و ئاوەڕۆیەكان لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆكان پاك كرانەوە. بۆیە ڕاستە ئەمساڵ ڕێژەی باران كەم بوو، بەڵام هیچ کۆبوونەوەی ئاو و لافاو لەو شوێنانەی ساڵانی ڕابردوو تێیاندا ڕوویدا، نەبوو".

پڕۆسەکان دەوروبەرى شارى هەولێریشی گرتەوە
"ئەوەی پەیوەندی بە دەوروبەر و بەرزاییەكانی هەولێرەوە هەیە، لە ڕێگەی ئاوەڕۆوە یان ئەو كەناڵەی هەیە، له سنووری ناحیەی دارەتوو بۆ سنووری ناحیەی شەمامك و ڕۆژئاوای هەولێر، هەمووی خاوێن كرانەوە. هەروەها فراوانكردن و لادانی ئەو زێدەڕۆییانەی لەسەری هەبووە، تا ڕاددەیەكی زۆر باش هەمووی لادران؛ پێش هاتنی وەرزی زستان هەموو ئەو شوێنانەی باراناویان پێدا دەڕوات، بۆ وەرزی زستان ئامادە كران، لە هەمان كاتیشدا بڕیارە بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر لە كاتی خۆیدا چه‌ند پۆندێك یا به‌نداوێكی بچووك له‌ به‌رزاییه‌كانی هه‌ولێر دروست بكات؛ ئه‌و به‌نداوانه‌ش چه‌ند سوودێكی ده‌بێت، له‌وانه:‌ ڕێگری له‌وه‌ دەکات ئاوێكی زۆر بێتەوە ناو شار، هه‌روه‌ها سوودی بۆ كشتوكاڵ و بۆ گه‌شتیاری و بابه‌تی ئاوی ژێر زه‌وی و ئاژه‌ڵداری و چه‌ند بابه‌تێكی دیکە سوودی ده‌بێت".

دروستکردنی پڕۆژەکان بەردەوامییان هەیە
"ئێستا ١٨پۆند ڕه‌زامه‌ندییان لەسەر وه‌رگیراوه‌ و حه‌وتیان له‌ له ‌ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر و به‌رزاییه‌كانی هه‌ولێر و سنووری قه‌زای ده‌شتی هه‌ولێر و سنووری به‌ستۆڕه لە جێبەجێکردندان‌، بڕیاریشه‌ بۆ ساڵی داهاتوو هه‌مووی ته‌واو بكرێن. هه‌روه‌ها بۆ ناو شاریش ئاوه‌ڕۆیه‌كی زۆر له‌و شوێنانه‌ی پێشتر كێشه‌یان هه‌بوو چاره‌سه‌ركراون و دروست ده‌كرێن، بۆنموونه‌ له‌ شه‌قامی ٣٠ مه‌تری، ئاوه‌ڕۆیه‌كی دووچاوه‌ دروست ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له‌ بازاڕی ته‌یراوه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئاوەڕۆ دروست ده‌كرێـت؛ پێشبینی ده‌كرێت كه‌متر له‌ مانگێك ئه‌و پڕۆژانه‌ ته‌واو ببن و ڕێگه‌كه‌ بكرێته‌وه‌."
دەشڵێت: "له‌ ڕێگه‌ی هه‌ولێر-پیرمام‌، له‌ ناوچه‌ی تارین، ئاوه‌ڕۆیه‌ك دروست ده‌كرێت كه‌ جارێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری ئه‌و كێشه‌ی ئاو و ئاوه‌ڕۆیه‌ی دروست ده‌بوو له‌ شاری كۆری و زێڕین، چاره‌سه‌ر ده‌كات؛ کە‌ ئاوه‌ڕۆیه‌كی سندووقییه‌ و گوندی گردجووتیاریش به‌ قه‌ته‌وی و ڕۆژئاوای هه‌ولێر دەبەستێتەوە و کێشەى لافاو چارەسەر دەکەن."
چارەسەرکردنی کێشەکانی لافاو جگە لە هۆکارەکانی ئاووهەوا، پەیوەندییەکی بەهێزی بە بیناسازی و ئاوەڕۆ و ڕێڕەوە ئاوییەکانی ناو شار و دەرەوەى شارەوە هەیە، بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی هەرێم لە چارەسەرى کێشەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.