ئەمساڵ ئاو لە چوار بەنداوی نوێ گل درایەوە
دروستکردنی بەنداو لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی گرنگی ناوە.
ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣، ماوەی کۆکردنەوەی ئاو بوو لە چوار بەنداوی نوێ کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ گلدانەوەى ئاو دروست کراون.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەبارەی ئەو چوار بەنداوەوە ڕایگەیاندووە: بۆ ئەمساڵ توانرا ئاوی دەریاچەکان و باراناو، لەو چوار بەنداوەدا گل بدرێنەوە، ئەمەش هەنگاوێکی ستراتیژیی حکومەتە بۆ گرنگیدان بە سەرچاوەکانی ئاو.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەوەشی خستووەتە ڕوو: دروستکردنی ئەو بەنداوانە و کۆکردنەوەی ئاو تێیاندا، دەبێتە هۆکاری بەرەوپێشبردنی ژێرخانی ئاو، هەروەها زیادکردن و بەکۆگاکردنی ئاو و بووژانەوەی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری لە هەرێمی کوردستان.
ئەو چوار بەنداوەی دروست کراون و ئەمساڵ ئاویان تێدا کۆکرایەوە، دەکەونە سلێمانی، دهۆک، گەرمیان و هەولێر؛ بەیەکەوە دەتوانن ٢٨.٦ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە:
- بەنداوی دێوانە لە سلێمانی، توانای گلدانەوەی ١٩ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
- بەنداوی خنس لە دهۆک، توانای گلدانەوەی ٦.٧ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
- بەنداوی تووڕەجار لە گەرمیان، توانای گلدانەوەی ١.٧ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
- بەنداوی چەمرگە لە هەولێر، توانای گلدانەوەی ١.٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە بونیاتنانی بەنداوەکان و کارکردن لەپێناوی چەسپاندنی سەقامگیریی ئاسایشی ئاو بەردەوام دەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢ـی ئایاری ٢٠٢٣