Skip to the content

حكومەت هەناردەكردنی بەرهەمی خۆماڵی ئاسان دەكات

کابینەی نۆیەم، ئاسانکاریی تەواوی بۆ ئەو بازرگانانە کردووە، کە دەیانەوێت بەرهەمی خۆماڵیی جووتیاران بنێرنە دەرەوە، ئەمەش دوای پڕکردنەوەی پێویستیی هاووڵاتییان و بەکاربردنی ناوخۆیی، بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێن.
چەند کارگەیەکی ناوخۆیی بە هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەت، بەرهەمی جووتیارانی کوردستان دەخەنە نێو تورەكە و کارتۆنی تایبەتەوە و لە سەریان دەنووسن "لە کوردستان دروست کراوە-Made In Kurdistan"؛ دواتر ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکەن و لە بازاڕی وڵاتان دەفرۆشرێن.
ئاراس حامید، خاوەنی کارگەیەكە، بەرهەمی خۆماڵی دەنێرێتە دەرەوە و دەڵێت: "ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەی هەناردەی دەرەوە دەکرێن، باجی گومرگییان لەسەر هەڵگیراوە و هیچ بڕە پارەیەک لەو بازرگانانە وەرناگیرێ کە بەرهەمەکان دەنێرنە دەرەوە".
لێخۆشبوونی گومرگی، بڕیاری کابینەی نۆیەم بوو، بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران و بازرگانان، تاکوو بەرهەمی ناوخۆیی بنێرنە دەرەوە.
حکومەتی هەرێم، بۆ پێشخستن و گەشەدان بە كەرتی كشتوكاڵ، پاڵپشتیی جووتیاران دەکات و هاوکاریان دەبێت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان؛ بۆ ئەم مەبەستەش یەکێک لە ئامانجەکانی بازاڕدۆزییە بۆ بەرهەمی خۆماڵیی كوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری