سێ بڕیارى نوێ لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، کە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو، سێ بڕیاری گرنگ بەکۆی دەنگ پەسەند کران.
یەکەم: ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی (بەناوەندییکردنی داهات، سیولە، خەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا بە ڕێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان، گەنجینەکان، دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات لەپێناو پاراستنی داهاتی گشتی و بەیەکەوەبەستنیان لەڕێگەی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی.
دووەم: ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجیی سیادی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بۆ خەرجییەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم و ڕێکاریی گونجاو و بەشێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجیيەکان ئەنجامبدرێن.
سێیەم: لەبارەی کێشە ئەمنییەکان، بڕیاردرا ليکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەند لە دەزگا پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە دۆسییە ئەمنییەکان بە گشتی دوور لە دەستوەردانی سیاسی، ئەنجامبدرێت و دواتر ڕێکاریی یاسایی بگیرێتەبەر.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری