پڕۆژەیەکی ستراتیژی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لە قەزای مێرگەسۆر کرایەوە
ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ـی ئایاری ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، مەراسیمی کردنەوەی یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی سامانی ئاژەڵی، كە کارگەی شیرەمەنی (ZOM)ـە بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان، لە گوندی ژاژۆک ــی سەر بە قەزای مێرگەسۆر بەڕێوە چوو.
لە مەراسیمەكەدا سەرۆكی حكومەت ڕایگەیاند: "لە كابینەی نۆیەم، پرۆژەکانی ئاژەڵانی شیردەر بە ڕێژەى ٧٥% لە هەرێمی كوردستان زیاد كراون؛ ٨٧ پرۆژە ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵ و مانگای شیردەر هەن، كە ژمارەیان دەگاتە ١٤ هەزار و ٦٠٩ مانگا لە هەموو هەرێمی كوردستان.''
سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە ئهوەش کرد: "پرۆژەی زیادكردنی گۆلك ١٥٠% زیادی كردووە، ١٠٠ پرۆژەی جۆراوجۆر لە سەرانسەری كوردستان هەن، كە ئەوانیش ٧٨ هەزار و ٢١٦ گۆلكی تیادایە".
کارگەی شیرەمەنییەکان لە گوندی ژاژۆک، بە ئامێر و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی کشتوکاڵی و لەسەر ڕووبەری زیاتر لە ١٣ هەزار مەتر دووجا دروست کراوە. پرۆژەكە لە ڕێگەی کردنەوەی ٢٠ بنکەی وەرگرتنی بەرهەمی شیری ئاژەڵدارانەوە بەڕێوە دەچێت و ڕۆژانە توانای بە پیشەسازیکردنی بڕی ٥٠ تۆن شیری هەیە، كە بەرهەمە سروشتییەکان (ماست، پەنیر، دۆ، شیر و قەیماغ)ـی لێ بەرهەم دەهێنرێت؛ هەر لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە جگە لە ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ ٣٠٠ كەس، زیاتر لە ٢ هەزار خێزانیش لە گوندنشینانی ناوچەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لێی سوودمەند دەبن.
پڕۆژەی زۆم، لەم کابینەیە مۆڵەتی پێ دراوە و یەکەمین کارگەی هەرێمی کوردستان و حەوتەمین کارگەی ستراتیژیی تەواومەندی بواری ئاژەڵداریە کە لەم کابینەیەدا مۆڵەتی پێ دراوە، بە کەوتنەکاری سەرجەم هێڵەکانی وەبەرهێنانی ئەم پڕۆژە ستراتیژیانە، نزیک دەبینەوە لە دابینکردنی پێویستیی بەرهەمی شیرەمەنی خۆماڵی بۆ هاووڵاتییان، وەک سەرچاوەیەکی بەهێزی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی جووتیار و ئاژەڵدار و وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری