ئەمەریکا پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکات
نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، جگە لە بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوانیان، پەیوەندییەکی بەهێزیشی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە و بڕیار وایە “شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات”.
بەیان سامی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند:''پەیوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زۆر باش و بەهێزە، وەک دەبینن زۆرێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دێنە هەرێمی کوردستان.''
لەگەڵ بەردەوامیدان بە پەیوەندییە سیاسییەکان، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهات، هەوڵەکانی بۆ بازاڕگەریی بەرهەمی ناوخۆیی جوتیاران چڕ کردووەتەوە.
بەیان سامی، باسی لە هاتنی شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی:''شاندەکە لە کۆمەڵێک وەبەرهێنەر و کۆمپانیای بواری کشتوکاڵی پێکدێت و مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.''
پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پەیوەندییەکانی هەمەجۆرە و ئەو وڵاتە پشتگیرییەکی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و دەیەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەت یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان.
پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکای لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و تورکیا خستووەتە سەر خەت و دەیەوێت ئەو پرسە بە خێرایی چارەسەر بکرێت، چونکە ئەمەریکا دەیەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە هەرێمێکی بەهێز و سەرکەوتوو لە ناوچەکە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری