Skip to the content

بەنداوی گۆمەسپان وەک سێیەم گەورەترین بەنداو لە هەرێمی كوردستان تەواو دەكرێت

دروستکردنی بەنداوی گۆمەسپان لە سنووری پارێزگای هەولێر، ٥٠٪ـی جێبەجێ کراوە و بە تەواوبوونیشی، دەبێتە گەورەترین بەنداو لە سنووری پارێزگاكە و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش دوای بەنداوی دوكان و دەربەندیخان سێیەم گەورەترین بەنداو دەبێت.
عەبدوڵڵا حەمەد گەردی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "تێچووی دروستکردنی ئەو بەنداوە ٩٥ ملیار دینارە، بەرزییەکەی ٧٠ مەتر و درێژییەکەشی ٥١٢ مەترە، ئێستا ٥٠٪ـی کارەکانی تەواو بووە و کارکردنیش تێیدا بەردەوامە".
ئەو بەنداوە دەتوانێت ١١٥ ملیۆن مەتر سێجا باراناو کۆ بکاتەوە، یەکەمجاریشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، کۆنکرێتی جۆری ئارسیسی لە پرۆژەی دروستکردنی بەنداودا بەکار دەهێرێت.
عەبدوڵڵا حەمەد گەردی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد "بەنداوی گۆمەسپان بە تەواوبوونی، دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لە هەرێمی کوردستان و ڕووبەرەکەی ٦ ملیۆن ١٢٥ هەزار مەتر دووجا دەبێت".
شەو و ڕۆژ کار بۆ دروستكردنی ئەم بەنداوە دەکرێت و بە تەواوبوونیشی ڕۆڵی لە پاراستنی سامانی ئاو و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی دەبێت؛ هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هەولێر و کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە دەبووژێنێتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری