دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەکرێت
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سایلۆکان بەڕووی جووتیاران دا دەکاتەوە و بەمەش جوتیارانی کوردستان دەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ''رۆژی پێنجشەممە ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٣، سایلۆکان بۆ ڕادەستکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران بەڕووی جوتیاراندا دەکرێنەوە.''
ئەمساڵ بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی ٨٥٠ هەزار دینار بە جوتیاران دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەنمەکە نموونەی لێ وەرگیرا و لە پشکنینەکان دەرچوو.
بۆ ئەمساڵ، ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.
بەڕێوەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ٤٠ ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەمساڵ چەند ڕۆژێک دوای وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران، چەکی پارەیان پێدەدرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری