نوێنەری هێزەکانی هاوپەیمانان: پشتگیریی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین
لە ناوچەی بارزان، ڕاهێنانی فەرماندەییی هێزەکانی پشتیوانی یەک لەژێر چاودێریی هێزەکانی هاوپەیمانان بەڕێوە چوو و “هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە”.
بەتەریەی یەک، کەتیبەی ١٠٥ ملیم، کە پێکهاتوون لە چەندین ئەفسەر و پێشمەرگە، بە بەکارهێنانی چەندین گوللەتۆپ لە پێکانی نیشانە لە چوارچێوەی ڕاهێنان و نمایشە سەربازییەکان، جێگای ڕەزامەندیی بەرپرسە سەربازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان بوون.
سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری قسەی کرد و گوتی: “تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی زانست و زانیاریی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر چەکەکان و بەکارهێنانیان”.
لەبارەی ڕاهێنانی سەربازییەوە، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، ئاماژەی بەوە کرد: “ئەو جۆرە ڕاهێنانە گرنگیی خۆی هەیە بۆ ئەوەی هەمووکات هێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدا بن و لە کاتی شەردا ئامادە بن”.
هاوکاری و هەماهەنگیی هێزەکانی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و نوێنەرانی هێزەکانی هاوپەیمانان، پشتگیری و پاڵپشتیی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردووەتەوە.
کۆڵۆنێڵ تۆماس نیکۆڵای، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە کوردستان و کۆڵۆنێڵ ڤان دیلین، فەرماندەی هێزەکانی هۆڵەندا لە کوردستان، لە گوتەیەکیاندا بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، گوتیان: “هاوپەیمانان، لە ڕابردوودا وەک هەماهەنگیی ڕاوێژکاری و دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی، هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە بوونە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن”.
کابینەی نۆیەم، بە کردار کار لەسەر یەکخستنەوە و رێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات و لە هەوڵەکانیشی بەردەوام دەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری