Skip to the content

وردەکاریی دروستکردنی ئەو پۆندە هەرەوەزییانەی بۆ گوندنشینان دروست دەکرێن

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەى (هەڵمەتى نیشتمانیی پۆندى هەرەوەزی) لە سەرجەم گوندەکانی هەرێمی کوردستان ڕا گەیاندووە کە “جووتیاران و گوندنشینان لێی سوومەند دەبن”.
پۆندەکان بۆ ئەوە دروست دەکرێن ڕێگری لە دروستبوونی لافاو بکەن و ببنە هۆکارێکیش بۆ گلدانەوەى باراناو و بەکارهێنانەوە لە کەرتەکانى کشتوکاڵ و گەشتیارى.
دروستکردنی ئەم پۆند هەرەوەزییانە، چەند ئامانجێکی هەیە، گرنگترینیان ئەمانەن:
⁃ پاراستنی ئاوی ژێرزه‌وی و کەمکردنەوەى لێدانی بیری قووڵ.
⁃ سوودوه‌رگرتن له‌ زۆرترین بڕی ئاوی ڕۆیشتووی سه‌رزه‌وی.
⁃ كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی پۆند له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتیی وڵات.
⁃ ڕزگاركردنی گونده‌كان له‌ وشكبوون، چۆڵبوون و كۆچكردنی جووتیاران.
⁃ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شی له‌ نێوان حكومه‌ت، گوندنشینان و جووتیاران.
⁃ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین و كات بۆ دروستكردنی زۆرترین پۆند.
ئەو پۆندە هەرەوەزییانە، لەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکانى باراناو دروست دەکرێن بە مەبەستی نەهێشتنی زیان و مەترسییەکانی لافاو، هەروەها بوونیان بە سەرچاوەیەکى گرنگی ئاو بۆ کەرتەکانى کشتوکاڵ، گەشتیاری و ئاودێرى.
هەنگاوەکانی دروستکردنی ئەم پۆندە هەرەوەزییانە ئەمانەن:
یه‌كه‌م: جووتیار و گوندنشینان، شوێنی دروستكردنی پۆنده‌كه‌ پێشنیاز دەکەن، دواتر له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییە ئاودێرییه‌كان هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن بۆ بەدواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستی بۆ جێگیركردنی شوێنه‌كه‌.
دووه‌م: وەرگرتنی مۆڵه‌ت، دیاریکردنی شوێن و دیزاینکردن، هەروەها پشکنینیى کیمیایی و فیزیایی بۆ پۆندەکە.
سێیه‌م: دیاریکردنى ئه‌ندازیار و سه‌رپه‌رشتیاری جیۆلۆجی لەلایەن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییە ئاودێرییەکان، بە مەبەستی ڕێنیشاندانى خه‌ڵكی گونده‌كه‌ و کارکردن له‌سه‌ر بنه‌مای دیزان و ڕێنماییە زانستییەکان.
چواره‌م: دوای ته‌واوبونی پۆنده‌كه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م هاوكارییانه‌ ده‌داته‌ خه‌ڵكی گونده‌كه‌:
⁃ گەڕاندنەوەى ئەو ملیۆن دینارەی وه‌ك بارمه‌تە لە گوندنشینان وه‌ردەگیردرێت لە سەرەتاى دەستپێکى پڕۆژە.
⁃ تێچووی دیزاین و پشكنینی كیمیاوی و فیزیاییی خاكى پۆندەکە.
⁃ تێچووی سه‌رپه‌رشتیارانی ئه‌ندازه‌یی و جیۆلیۆجیی پونده‌كه‌.
⁃ پێدانەوەى بەشێک لە تێچووى پۆندەکە.
⁃ ئیداره‌دانی پۆنده‌كه‌ بە هاوبەشى لەگەڵ ئه‌نجومه‌نێكی‌ گونده‌كه‌ و یه‌كێك له‌ فه‌رمانگه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاو.
دروستکردنی ئەو پۆندە هەرەوەزییانە، سنوورێک بۆ‌ ده‌رهێنانی ئاوی ژێرزه‌وی دادەنێت و گلدانەوەى باراناو زیاتر دەکات، دەبێتە هۆکارێکیش بۆ کۆچنەکردنی گوندنشینان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری