Skip to the content

پڕۆسەی هێڵکاریی شەقامەکان؛ زۆرترین هەلی کاری ڕەخساندووە

چەند مانگێکە تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ، پڕۆسەی هێڵکاریی شەقامەکانی ناوەوەی شاریان دەست پێ کردووە و بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەولێریش دەڵێت: "تاکوو مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبن."
وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاری داوە سەرجەم شەقامەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە هێڵکارییان بۆ بکرێتەوە و یەکەمجاریشە لەلایەن کارمەندانی ناوخۆییەوە دەکرێت.
ئەو ئامێرانەشی کە بۆ ئەم کارە بەکاردەهێنرێن، لەلایەن حکومەتەوە دابین کراون و لەگەڵیشیدا چەندین هەلی کاری بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە.
دیلان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: “ئەو پارەیەی ئێستا لە پڕۆسەکە خەرج دەکرێت، نیوەی ئەو تێچووەیە کە پێشتر بە کۆمپانیا دەرەکییەکان دەدرا و پرۆسەکەیان بەڕێوە دەبرد."
دوای دابینکردنی ئامێر و ماددەی خامی بۆیەکردن، ئێستا پڕۆسەکە بە کوالیتییەکی باشتر و بە تێچووی کەمتر لەلایەن کارمەندانی ناوخۆییەوە بەڕێوە دەچێت.
لەبارەی کوالێتیی بۆیاغەکەوە، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: “ئەو بۆیاغەی ئێستا بەکاری دەهێنن، سەرچاوەکەی دیارە و ئەو ماددانەشی کە لەگەڵی تێکەڵکراون، لەگەڵ کەشوهەوای هەرێمی کوردستان دەگونجێن و زۆتریش دەمێنێتەوە."
پڕۆسەی هێڵکاریکردنەوەی شەقامەکان، تەنیا بۆ ناوەوەی شارەکان نابێت و "بڕیارە شەقامەکانی دەرەوەی شاریش بگرێتەوە". ئەو پڕۆسەیە تاکوو مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت و هەوڵدەدرێت هێڵکاری بۆ زۆرینەی شەقامەکان بکرێت.
سەبارەت بە زوو کاڵبوونەوەی هێڵکاریی شەقامەکان، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت: "خراپی کوالێتیی تایەی ئۆتۆمبێلەکان و کەشوهەوای ناوچەکە، کاریگەریی لەسەر هەیە".
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە، ئەوەش بە ئەرکی خۆی دەزانێت و هەوڵەکانیشی بۆ ڕەخساندنی زۆرترین هەلی کار بۆ دەستی کاریی ناوخۆیی، بەردەوام دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری