Skip to the content

پۆندی هەرەوەزی بۆ گوندنشینانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت

حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە هاوکاریى ڕێکخراوى یونیسێف، دەستپێشخەریى "پۆندى هەرەوەزی" بۆ پشتیوانیکردنى ماددی و تەکنیکی لە دروستکردنى پۆندی گلدانەوەى ئاو لە گوندەکانی کوردستان ڕادەگەیەنێت.
ئەم دەستپێشخەرییە، کێشەى کەمئاوى و کاریگەرییەکانى وشکەساڵى کەم دەکاتەوە و دەبێتە سەرمایەیەکى نیشتیمانی بۆ گەشەپێدانى کەرتەکانى کشتوکاڵ و گەشتیارى.
ئەو پۆندانە لەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکانى باراناو دروست دەکرێن بە مەبەستی نەهێشتنی زیان و مەترسییەکانی لافاو، هەروەها بوونی سەرچاوەیەکى گرنگی ئاو بۆ کەرتەکانى کشتوکاڵ، گەشتیاری و ئاودێرى.
ئەو پۆندە هەرەوەزییانە له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێنماییی پۆنده‌كان (ساڵی ٢٠٢٢) به‌ هاوبه‌شی لەنێوان حكومه‌ت، گوندنشین و جووتیاران دروست دەکرێن، بە مەرجێک کە سوودی گشتی لەبەرچاو بگیرێت.
هه‌رێمی كوردستان، بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە ڕووبەڕووی گرفت دەبێتەوە، وەکوو دووباره‌بوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی و لێدانی زۆری بیره‌ قووڵه‌كان؛ به‌ گوێره‌ی ڕووپێوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاو “نزیكه‌ی ٨٠٠ گوند مه‌ترسیی وشكبوونی سەرچاوەى ئاو و چۆڵبوونیان له‌سه‌ره‌”.
ئەم پرۆژەیە، سنوورێک بۆ‌ هەڵگۆزینی ئاوی ژێرزه‌وی دادەنێت و گلدانەوەى باراناو زیاتر دەکات، دەبێتە هۆکارێکیش بۆ مانەوەی گوندنشینان و چۆڵنەبوونى گونده‌كان.
کابینەی نۆیەم، بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئەم کارانەی کردووە:
⁃ ڕەزامەندیی لەسەر دروستکردنی ٤١ پۆند داوە.
⁃ نۆ پۆندی بەشێوەی (ppp) دروست کردووە.
⁃ تێچووی دروستکردنی پۆندی لە ١.٦ ملیار دینارەوە بۆ ٠.٨ ملیار دینار کەم کردووەتەوە.
⁃ هەنگاوی بۆ ئەوە ناوە گوندەکان پێکەوە سەرچاوەی ئاوییان هەبێت.
⁃ ئاوی ژێرزەوی بووژاندووەتەوە، ئەویش بە دروستکردنی پۆند، گەڕاندنەوەی ئاوی سەرزەوی بۆ ژێرزەوی و قەدەغەکردنی لێدانی بیری نایاسایی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری