Skip to the content

گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دروستدەکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ـی ئایاری ٢٠٢٣، بەردی بناخەی وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دادەنرێت و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی تەمەنیدا چەندین هەنگاوی گەورەی بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی وزەی سووتێنەری وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هەڵگرتووە.

توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە، ٢٥ مێگاوات کارەبایە و ژمارەیەکی زۆر پەنەڵ لەخۆ دەگرێت و دەکەوێتە گوندی منارەی دەوروبەری هەولێر. وێستگەکە ژینگەدۆستە و ئەو کارەبایەی بەرهەمیدەهێنێت بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەبەسترێتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لەچاو ئەوەی ئێستا هەیە، بەرزتر بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هاوشێوە جێبەجێ دەکات.

گوژمەی پڕۆژەکە ١٠٠ ملیۆن دۆلارە و ڕووبەرەکەی ٥٩٠ دۆنم زەوییە و لەماوەی ساڵێکدا کارەکانی تەواو دەکرێت و هەوڵدەدەن بەزوویی دروستبکرێت.

لە هەرێمی کوردستان، "دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بەخۆر هەیە"، کە توانای بەرهەمهێنانی ٣ مێگاوات کارەبایان هەیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەت بڕیاریداوە وێستەگەیەکی بەرهەمهێانی کارەبا "بە گوژمەی ٢٣٥ ملیار دینار و توانای بەرهەمهێنانی ١٠٠ مێگاوات کارەبا" لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری