Skip to the content

سەرۆکی حكومەت: پرۆژەى "هەژماری من" لە سلێمانی و دهۆکیش جێبەجێ دەکرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "پرۆژەى ئەلیکترۆنیی (هەژمارى من) ئاسانکاریی وەرگرتنی مووچە بۆ هاووڵاتییان دەکات و لە ماوەیەکی زووشدا پرۆژەکە لە دهۆک و سلێمانی جێبەجێ دەکرێ."

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ـى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی تۆمارکردنی پرۆژەی "هەژماری من"ی لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەسەر کردەوە، لەوێدا ڕایگەیاند: "ئەم پرۆژەیە ئاسانكارییەكی زۆر لە كڕین و مامەڵەی ڕۆژانە بۆ هاووڵاتیان دەكات، لە هەمان كاتدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێگریكردن لە گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە و ئاسانکارییش لە پێدانی مووچە لە كاتی خۆیدا دەکات".

ئێستا پرۆژەى "هەژمارى من" تەنیا لە هەولێر بەگەڕ خراوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەى بەگەڕخستنی زیاتری پرۆژەکە لە ناوچەکانی دیکەشدا گوتی:" لە ماوەیەکی زوو لە دهۆک و سلێمانيیش ئەو پرۆسەیە دەکەوێتە کار و فەرمانبەران و کارمەندانی کەرتی گشتی و تایبەت دەگرێتەوە."

پرۆژەى "هەژمارى من" سیستەمێکی بانکیی حکومەتی هەرێمە، بۆ پێدانی مووچە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بە فەرمانبەران و مووچەخۆران؛ چەندین سوودی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبێت، وەک ئاسانکاریی مووچەدابەشکردن لە کاتی خۆیدا و ڕاکێشانی پارە لە هەر کاتێکدا لە ڕێگەى ئامێرى پارەدانەوە. جگە لە کەمکردنەوەى ئەرکی مووچەخۆران و بەهێزکردنی سیستەمی بانکی بە ئاراستەى بەدیجیتاڵکردنی مامەڵە داراییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری