Skip to the content

بۆ ماوەی شەش مانگ به‌ ڕێژەی 20% لێخۆشبوون لە سزاکانی سەرپێچیی هاتوچۆ ڕاگەیاندرا

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگیيەوە دەڕوانێتە ژیان و سەلامەتی هاووڵاتییان، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێكارەكانی خۆپارێزی بۆ دووركەوتنەوە لە تیژڕۆیی و سەرپێچییەكانی هاتوچۆی زیاتر كردووە، ئەمەش ئەنجامێكی باشی هەبووە و ڕێژەی سەرپێچیيەكان و ڕووداوەكانی هاتوچۆی زۆر كەمتر كردووەتەوە، لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ڕەزامەندی سەرۆکایەتيی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە، كە ٢٠% لێخۆشبوون لە سزاکانی سەرپێچيی هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ لەسەر شۆفێرانی هەرێم ڕابگەێنێت.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە ٢٨/٨/٢٠٢٣ تا ٢٨/٢/٢٠٢٤ واتا بۆ ماوەی شەش مانگ، لە ٢٠٪ سزاکانی هاتوچۆ لەسەر شۆفێران خۆش دەبێت؛ ئەمەش لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ڕەچاوکردنی باری دارایی هاووڵاتیيانە، كە تەنیا ٨٠٪ی بڕی سزاکە دەدەن، هەروەها لە دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە، هەر کەسێک پێبژاردن نەدات لە ماوەی (٣٠) رۆژدا، ئەوا بە پێی بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە پێچەوانەوە سزاکە دەبێتە دوو بەرانبەر، واتا هەر هاووڵاتيیەک لە ٢٩/٢/٢٠٢٤ ەوە هەر جۆرە سەرپێچییەکی هاتوچۆ بکات و سزای دارایی بدرێت، پێویستە لە ماوەی یەک مانگ بڕی ئەو سزایە لە بەڕێوەبەرایەتيی هاتوچۆی تایبەتمەند پاکتاو بکات، ئەگەر لە (٣٠) ڕۆژ زیاتر بەسەر سەرپێچیيەکە تێپەڕ بێت، بڕی سەرپێچییەکە دەبێتە دوو بەرانبەر.
وەزارەتی ناوخۆ شۆفێران و هاووڵاتیانی هەرێم ئاگادار دەكاتەوە، كە ئامانجی سزای سەرپێچی بۆ ڕێگریکردنە لە ئەنجامدانی سەرپێچی نەک بۆ سزادانی خەڵک. کاتێک شۆفێر تا مۆڵەتەکەی نوێ دەکاتەوە یان ئۆتۆمبێلەکەی دەفرۆشێت، سزاکانی پاکتاو ناکات، سزاکەی کاریگەری نابێت و نابێتە ڕێگری لە دووبارە نەبوونەوەی سەرپێچییەكان؛ بۆیە چەندین شۆفێر کەوتوونەتە ژێر قەرزی گەورەی سزاکانی هاتوچۆ و بەئاسانی ناتوانن پاکتاوی بکەن، بە پێچەوانەوە، ئەگەر شۆفێر مانگانە سزای هاتە سەر و پێش ٣٠ ڕۆژ ناچار بوو سزاکەی بدات، بێگومان پێداچوونەوە بە خۆی دەکات و هەوڵ دەدات سەرپێچی نەکات. بەم جۆرەش ناکەوێتە ژێر قەرزێکی گەورە و مەترسیش لەسەر خۆی و خەڵکی دیکە درووست ناكات.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لە بەڕێوەبەرایەتيی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر ڕۆژانە تا ٢ هەزار مامەڵەی نوێکردنەوەی ساڵیانە و گۆڕینی خاوەندارێتی بەڕێوە دەچێت، واتا ڕۆژانە بەو ڕێژەیە شۆفێر ئەگەر سزایان لەسەر بێت، سوود لەو داشكاندنە وەردەگرن.