پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدات
دواى دە ساڵ لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و تەواوکردنی ڕێوشوێنە یاسایی و کارگێڕییەکان، هاوکات هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم تا لە چوارچێوەى عێراقیشدا ددان بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا بنرێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ ١٨ ى ئەیلوولی ٢٠٢٣، لە کارنامەى خۆیدا، دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی خستووەتە کارنامەى خۆیەوە.
بە پێی کارنامەى دانیشتنی ژمارە ١٥ـى دووشەممەى ١٨ـى ئەیلوولی ٢٠٢٣، یەکێک لە گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بریتییە لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى هێنانەکایەى پارێزگاى هەڵەبجە لە چوارچێوەى پارێزگاکانی عێراقدا وەکوو نۆزدەیەمین پارێزگاى عێراق.
پرۆژەیاساى بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەى بەوە داوە "بە هۆى بەرژەوەندیی گشتی و لە ئەنجامی فراوانبوونی ئاوەدانی و زیادبوونی دانیشتووانی شارى هەڵەبجە، هەروەها بە هۆى ئەو قوربانی و زیانە ماددی و مرۆیی و ژینگەییە گەورەى لە هێرشی کیمیاویی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ سەر شارەکە کەتووەتەوە، بە پێویست دەزانرێت شارەکە بکرێتە پارێزگا." لە ماددەى دووەمی پڕۆژەیاساکەشدا هاتووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان سنوور و یەکە ئیدارییەکانی پارێزگاکە دیاری دەکات."
پاش ساڵانێک لە دواخستن و فەرامۆشکردنی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە، ڕۆژى ١٣ ى ئادارى ٢٠١٤، بە بڕیارى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، هەڵەبجە کرایە پارێزگا.
دۆسیەى به پارێزگابوونی ههڵهبجه له ساڵی ٢٠١٥ـەوە چووهته ئهنجوومهنی وهزیرانی عێراق، کە ئهوكات نووری مالیكی سهرۆكوهزیرانی عێراق بوو و بڕیارهكه كاری پێ نهكرا؛ لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێم بەردەوام داواى لە حکومەتیی فیدراڵیی عێراق کردووە بڕیار لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە چوارچێوەى پارێزگاکانی عێراق بدات و بۆ ئەو مەبەستەش لە کابینەى نۆیەمدا بەردەوام لە لایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت جەختی لێ کراوەتەوە.
پارێزگاى هەڵەبجە دەکەوێتە باشوورى ڕۆژهەڵاتی شارى سلێمانییەوە، لە چوار ناحیەی سیروان، خورماڵ، بیارە، بەمۆ پێک هاتووە و لە ساڵی ١٨٨٩ بووەتە قەزا. شارى هەڵەبجە مەڵبەندی هزر و ڕۆشنبیری بووە؛ لە ١٦ ى ئادارى ١٩٨٨، حکومەتی بەعس لە هێرشێکی دوژمنکارانەدا، بە چەکی کیمیاوى پەلامارى دا و پێنج هەزار کوردی سڤیل بەو هۆیەوە گیانیان سپارد و هەزارانی دیکەش بریندار و پەککەوتە بوون.
تا بە ئەمڕۆ دەگات، حکومەتەکانی عێراق، لە هەموو بوارەکانی مرۆیی، سیاسی، یاسایی، تەندروستی و ئاوەدانیدا، قەرەبووی شارەکەیان نەکردووەتەوە.
فهرمانگهى ميديا و زانيارى