Skip to the content

وەزارەتی ناوخۆ: ئامانج لە دووهێندەبوونی پێبژاردن بۆ کۆکردنەوەى داهات نییە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بڕیارى لێخۆشبوونی ٢٠% ى سزای داراییی شۆفێرانی داوە و دووهێندەبوونی پێبژاردنی داراییی سەرپێچیی شۆفێرانیش، تاکوو ٢٨ ى ٢ ى ٢٠٢٤ بەرکار نابێت و سزاکانی پێش ئەو ڕێکەوتە ناگرێتەوە.
لەوبارەیەوە هێمن میرانی، بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند:" ئامانج لە دووهێندەبوونی پێبژاردن کە لە کۆتاییی مانگی ٢ ى ٢٠٢٤ جێبەجێ دەکرێت، کۆکردنەوەى داهات نییە، بەڵکوو پاراستنی باخەڵی هاووڵاتییانە لە ڕێگەى کەمکردنەوەى سەرپێچی و سزاوە."
لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا، دواى ئەوەى وەزارەتی ناوخۆ بڕیارى لێخۆشبوونی ٢٠%ى سزاکانی هاتوچۆى شۆفێرانی بۆ ڕابردوو و ئێستا و دوو هێندەبوونی سزاى دارایی لە کۆتایی مانگی ٢ ى ساڵی ئایندەوە دەر کرد، چەند کەناڵێکی میدیایی، تەنیا سەرنجی هاووڵاتییانیان خستە سەر دووهێندەبوونی سزاکان و سەرنجی خەڵکیان لەسەر لێخۆشبوونی ٢٠%ى سزاکان و بەکاربوونی دووهێندەبوونی سزاکان لە ساڵی ئایندەوە دوور خستەوە.
بۆ ئەو مەبەستە هێمن میرانی، بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریی شۆفێران لەو بارودۆخە تایبەتەى ئێستاى هەرێمی کوردستان، دواى ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارى دا بە لێخۆشبوونی ٢٠%ى سزاکانی ڕابردوو و ئێستای هاتوچۆ، تاکوو ٢٨ ى ٢ ى ٢٠٢٤ کە دەکەوێتە سەر شۆفێران. ئەوە بژاردەیەکی ئارەزوومەندانەیە، هاووڵاتی ناچار نییە سزاکانی خۆی پاکتاو بکات؛ وەکوو جاران دەتوانێت پێنج ساڵ جارێک بچێت پێبژاردنەکانی پاک بکاتەوە، بەڵام لە ڕابردوودا کاریگەریی خراپی لەسەر باری داراییی هاووڵاتی و سزاکانی هاتوچۆ هەبووە، چونکە لەو پێنج ساڵەدا هاووڵاتی هەستی نەکردووە ئەو سزایەى دراوە دەبێتە سنووردانان بۆ سەرپێچیی زیاتر و خۆپارێزی. بۆیە پێمان وایە هاووڵاتی تا دەتوانێ زووتر پاکتاوی سزاکانی خۆی بکات، تا جارێکی دیکە سەرپێچی نەکاتەوە و زیان بە داهاتی خۆی نەگات."
میرانی لەبارەى بڕیارى دووهێندەبوونی سزا داراییەکانی شۆفێران، ڕایگەیاند: "لە دواى ٢٨ ى ٢ ى ٢٠٢٤، کار بە بەشی بیست لە یاساى ژمارە ٨٦ ى ٢٠٠٤ ى یاساى هاتوچۆ دەکرێت؛ واتا لە ٢٩ ى ٢ ی ٢٠٢٤ـەوە کە شۆفێر سەرپێچیی نوێی کرد، ئەو سزایە پێویستە لە ماوەى مانگێکدا بدرێت، دەنا دەبێتە دوو هێندە، ئامانج لەوەدا ئەوەیە، سزاکە لە هەمان مانگدا بدات و سەرپێچی دووبارە نەکاتەوە و بەوەش لە سزا دوور بکەوێتەوە. چونکە خودی سزاکە بۆ ئەوەیە شۆفێر هەست بکات سزای سەرپێچیی لەسەرە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و داراییەکەی هەیە، نەک پێبژاردن زۆر دوا بکەوێت و هێزى سزاکە کەم بێتەوە، کە ئەمەش وا دەکات سەرپێچییەکان کەم نەبنەوە؛ وەکوو ئەوەى هاووڵاتی زۆرجار لە نائاگایی و بەدوادانەچووندا، بە قەد نیوەى نرخی ئۆتۆمبێلەکەى سزاى لەسەر تۆمار کراوە و لەسەرى کەڵەکە بووە، بەوەش زیانی زۆرى کردووە."
لەبارەى بەرژەوەندیی شۆفێران تا زوو هەست بە سەرپێچییەکانیان بکەن و سزا و قەرزیان لەسەر کەڵەکە نەبێت، میرانی گوتی: "بۆ ئەوەى شۆفێران بە وردی و وریاییەوە ئاگادارى سزاکانیان بن، سایتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ، داتاکانی هەر شۆفێریکی لە ڕووی سزاوە خستووەتە ڕوو کە دەتوانن بزانن چەندە سزایان لەسەرە، بەڵام بەشێکی زۆرى هاووڵاتییان ساڵی جارێک یان دوو جار، یان چەند مانگ جارێک سزاکانیان دەپشکنن، بۆیە پێمان باش بوو ئەپلیکەیشنێک تایبەت بە شۆفێران دابنرێت، بۆ ئەوەى کە سەرپێچی کرا، هاووڵاتی ئاگادارییەکی بۆ بێت، ئەو ئاگادارکردنەوەیە وا دەکات ئاگای لە سزاکانی بێت و خۆى لە سەرپێچیی نوێ بپارێزێت. بۆیە لەگەڵ فەرمانگەى تەکنەلۆجیاى زانیارى، گفتوگۆمان کردووە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو ئەپلیکەیشنە بکەوێتە کار و هەر شۆفێرێک لە ڕێگەى ئەو ئەپە تایبەتەى خۆیەوە سەرپێچی و سزاکانی خۆی بزانێت و ئاگادارکردنەوەى بۆ بێت."
میرانی دەشڵێت: "هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە ئەو بڕیارە بۆ کۆکردنەوە داهات نییە، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەى داهاتی هاتوچۆش دەبێت، چونکە وا دەکات خەڵک کەمتر سەرپێچی بکەن و زوو ئاگادارى پێبژاردن و پاکتاوکردنەکانیان بن، ئامانجەکە ئەوەیە هاووڵاتی قەرزار نەبێت و پارەى زۆرى نەکەوێتە سەر و کەمتر سەرپێچی بکات."

فەرمانگەى میدیا و زانیاری