Skip to the content

سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان بەشداربوو لە پانێڵێکی تایبەت بەگەنجان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٤/٩ بارزان ئەکرەم مەنتک سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان بەشداری لە پانێڵێکی تایبەت بە گەنجان دەربارەی (بەرەو ئاشتی) کرد کە لەلایەن ڕێکخراوی ئەمەلی عیراقی (جمعیە الامل العراقیە) ڕێکخرابوو.
‎لە پانێڵەکەدا سەرۆکی فەرمانگە ووتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی ڕێکخراوەکە کرد و کار و چالاکییەکانی لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاندن.
‎هەروەها سەرۆکی فەرمانگە تیشکی خستە
‎سەر ناونیشانی پەناڵەکە (بەرەو ئاشتی) و بە هەنگاو و دەستپێشخەریەکی گرنگی ناوزەد کرد بە مەبەستی چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە و پرسە هەڵواسراوەکانی عێراق، بەتایبەتی دوای ئەو هەموو کێشە و ناخۆشی و نەهامەتیانەی کە کۆمەڵگەی عێراقی لە ساڵانی ڕابردوو ڕووبەڕووی بوویەوە، ئەمەش دەرئەنجامی نەبوونی گیانی یەکترقبووڵکردن و لێبوردن بەرامبەر پێکهاتەکان لە عێراقدا.
‎هەر لەپەناڵەکەدا سەرۆکی فەرمانگە سەرنجی ئامادەبوانی ڕاکێشا بۆ ئەو ئەزموونە پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردنەی کە لەنێو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و بە سەرمایەکی پڕ لە سەروەری و شانازی بۆ گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناوزەد کرد.
‎لە کۆتاییشدا سەرۆکی فەرمانگە هیوای خواست کە لەم ڕووەوە سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت، هەروەها داوای لە گەنجانی بەشداربووی پانێڵەکە کرد کە بتوانن ڕۆڵی خۆیان لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگەی عێراقى بۆ پێکەوە ژیانی ئاشیانەوە و گیانی یەکتر قبووڵکردن لەنێو پێکهاتەکان ببینن.
شایەنی باسە ٦٥ رێکخراو لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان کار لەسەر پێکەوەژیانی پێکهاتەکان دەکەن.